کانونی دوھەم 23, 2018 17:16 Asia/Tehran
  • سەرلەشکر سەفەوی: شکستی داعش بەخەبات و هەوڵی حکومەتەکانی عێراق و سووریاو هاوکاریی ئێران و ڕووسیا سەری گرت

یاریدەر و ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەیی مەزنی گشت هێزەکان بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا گرووپی تیرۆریستیی داعشی پێکهێناو عەرەبستان، رژیمی زایۆنیستی ، ئیمارات ، تورکیاو ئۆردۆن داکۆکییان کرد، وتی: شکستی داعش قەرزداری خەبات و تێکۆشانی حکومەتەکانی عێراق و سووریاو هاکاریی ئێران و ڕووسیایە.

سەرلەشکری پاسدار سەیید یەحیا ڕەحیم سەفەوی دوێشەو(دووشەممە) لە پرۆگرامی تایبەتی هەواڵیی کەناڵی دووی تەلەفزیۆنی ئێران ئاماژەشی کردە گەڵاڵەی نوێی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی هێزێکی سەربازی٣٠هەزار کەسی لەباکووری سووریا و وتی: ئەمریکا ، تەشەنەپێدانی کێشەو ئاڵۆزیی لە ناوچە لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا پێوشوێن دەگرێ.

هاوپەیمانیی بەناو نێودەوڵەتیی دژە داعش لەژێر فەرماندەیی ئەمریکا ١٤ی ژانڤییە ڕایگەیاند، لەهەوڵی پێکهێنانی هێزێکی سنوورڤانیی ناسراو بە"هێزەکانی ئاسایشی سنووری" لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریا دایە. ئەو هێزە داگری سی هەزار کەس دەبێ. ئەمریکا بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە ڕەشەکوژەکان بەشێوەی نایاسایی(بێ ئیزنی حکومەتی سووریا) لە سووریا ئامادەبوونی سەربازی هەیە.

کاربەدەستانی سووریاو وڵاتانی دیکەو هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار جەختیان کردووە، هەوڵەکانی ئەمریکا لە سووریا بەمانای "داگیرکردن"ـە.

یاریدەر و ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەیی مەزنی گشت هێزەکان بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا هەردەم یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان دەبەزێنێ ، وتی: ئەمریکاو زایۆنییەکان لەهەوڵی لاوازکردنی میحوەری موقاوەمەن بەڵام بێ ئاکام دەمێنن.

سەرلەشکر سەفەوی لەمەڕ هێرشی عەرەبستان بۆسەر یەمەنیش وتی: سەعوودییەکان تائێستا هیچکام لەئامانجەکانیان لە یەمەن بەدەست نەهێناوە.

یاریدەر و ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەیی مەزنی گشت هێزەکان بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە عەرەبستان بێگومان لە یەمەن شکست دێنێ، وتی: سەعوودییەکان بەرەو ناپاوەجێی ستراتژیک هەنگاو هەڵدەگرن.

سەرلەشکر سەفەوی ئاماژەشی کردە هەوڵەکانی ئیران بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەو وتی: تووڕەیی ئەمریکا بەرامبەر ئێران لەبەر هەڵوێستە بنچینەییەکان و سەرکەوتنە مەزنەکانی ئێرانە.

سەرپەیڤ