شوبات 06, 2018 15:16 Asia/Tehran
  • زەریف: ترەمپ زۆر ناڕازییە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک/ ئێران هێورترین وڵاتی جیهانە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناڕازییە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و گرووپی ١+٥ وتی: ترەمپ هەوڵ دەدات ڕێگایەک بۆ تیابردنی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش بدۆزێتەوە.

"محەممەد جەواد زەریف" شەوی سێشەممە لە وتووێژی تایبەتی هەواڵی کەناڵی دووەمی تەلەڤزیۆنی ئێران بە ئاماژە بە بەڵێن شکێنییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: ئەوەی ترەمپ ئەنجامی دەدات پێشبینی دەکرا.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: ئێران هەرگیز چاوەڕێ نەبووە ئەمریکا بە نیازپاکییەوە ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجی بکات.

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ ( بەریتانیا،، فەرانسا، ڕووسیا، چین، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە گەیشتۆتە قۆناغی جێ بەجێ کرانەوە، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە تەگەرە دەنێتەوە.

"دۆناڵد ترەمپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی بە پەیمانێکی نالەبار ناو بردووە و خوازیاری هەڵوەشانەوەیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

زەریف هەروەها بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئێران بەردەوام پشتی بە گەلی خۆی بەستووە، رایگەیاند ؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێران هێورترین وڵاتی ناوچەیە.

زەریف بە ئاماژە بە ئاڵۆز و بشێو بوونی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچە وتی: سەبارەت بە دابین کردنی ئاسایش دوو ڕوانگە لە ئارادایە، یەکەم ڕوانگە کە ئێران بڕوای پێیەتی ئەوەیە کە ئاسایش لە ناوخۆی وڵاتەوە و بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دابین دەبێ، بەڵام لە ڕوانگەیەکی دیکەدا کە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچە بڕوایان پێیەتی، ئاسایش لە دەرەوەی وڵاتەوە دەکڕدرێ.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە کردەوە هەڵە و نادرووستەکانی عەرەبستان لە ناوچە لەوان هەوڵ بۆ ئاڵۆزی نانەوە و داکۆکی و تەیار کردنی گرووپە تیرۆریستییەکان ڕایگەیاند: عەرەبستانی سەعوودی بە فەرمانی هەڵە پێی ناوەتە ناوچەکە.

زەریف راشکاوانە رایگەیاند: سیاسەتی دوژمنکارانەی عەرەبستان بەرامبەر بە وڵاتانی ناوچە لەوان یەمەن جگە لە هەستاندنەوەی شەپۆلی  بێزاری و تووڕەیی بەرامبەر بە ڕیاز هیچ ئاکامێکی نەبووە.

سەرپەیڤ