شوبات 12, 2018 21:06 Asia/Tehran
  • وەلایەتی: ئێران وڵاتێکی گرینگی ڕۆژاوای ئاسیایە

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی وتی: ئێران وڵاتێکی گرینگی ڕۆژاوای ئاسیایە و مافی ئەوەی هەیە بەهانای گەلانی دۆست و میحوەرەی موقاوەمە بێ و یارمەتییان بدات.

عەلی ئەکبەر وەلایەتی ئەمڕۆ دووشەممە لەپەراوێزی دانیشتنی ڕاوێژکاریی جڤینی جیهانیی خۆشەویستان و هۆگرانی ئالوبەیت(ع) لەنێو پەیامنێران لەتاران ، وتی: ئامادەبوونی ڕاوێژکاریی ئێران لە وڵاتانی عێراق و سووریا لەسەر بانگهێشتنی حکومەتی یاسایی ئەو وڵاتانە ئەنجامی گرتووەو بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ستەملێکراوی ئەو وڵاتانەیەو هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە.

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی بەئاماژە بەوەی کە ئێران درێژە دەدات بە سیاسەتی ئامادەبوونی چالاکی دۆستانە لەناوچەدا، وتی: بەپێچەوانەی ئێران، ئامادەبوونی وڵاتانی رۆژاوایی لەناوچەدا دژ بە یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکانە.

وەلایەتی لەبارەی خرانەخواری فڕۆکەی جەنگیی دەسدرێژکاری رژیمی زایۆنیش وتی: سووریا وەک یەک لە وڵاتانی گرینگی هێڵی پێشەوەی موقاوەمە بۆی هەیە بەرەڤانی بکات لە یەکپارچەیی خاکی خۆی و وەڵامی فڕۆکە دەسدرێژکارە ئیسرائیلییەکان بداتەوە.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممە فڕۆکەکانی رژیمی زایۆنی چەندین جار چوونەئاسمانی سووریاو هەندێ ناوچەی پارێزگای ریفی دەمشق لەباشووری سووریایان بۆردومان کرد. دوابەدوای ئەو کردەی فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنی، سیستەمی بەرگریی سوپای سووریا، دوو فڕۆکەی جەنگیی رژیمی زایۆنی کردە ئامانج کە یەکێکیان خرایە خوار.

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی هەروەها لەبرەی دانیشتنی داهاتووی ئاستانە سەبارەت بە سووریا، وتی: ئێران شێلگیرانە لەدانیشتنی ئاستانە بەرگریی دەکاو گەشبینە لەحاند ئەنجامەکانی ئەو دانیشتنە.

نۆهەمین دانیشتنی ئاستانە لەبارەی سووریا بیستی فێڤرییەی ئەمساڵ(٢٠١٨) بەڕێوە دەچێ. ڕەوتی ئاستانە دەسپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیاو تورکیایە کە دەورێکی گرینگ دەبینێ لە چارەسەریی سیاسیی قەیرانی سووریا. هەشتەمین خولی ئەو دانوستانانە(٢٢و٢٣ی دیسەمبەری٢٠١٧) لەشاری ئاستانەی پایتەختی قەزاقستان بەڕێوە چوو.

سەرپەیڤ