شوبات 15, 2018 10:30 Asia/Tehran
  • ڕاوێژی عەراقچی و ڕیابکۆف لە تاران دا_ نەیارەتی لەگەڵ دانوستانی دووبارە لە بارەی ھەنگاوی ھاوبەشەوە

جێگری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە تاران سەبارەت بە پرسگەلی دوو لایەنە و دوایین قۆناغی ڕاپەڕاندنی ھەنگاوی ھاوبەش وتووێژیان کرد.

سەیید عەبباس عەراقچی جێگری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لەپەراوێزی دیداری سێرگەیی ڕیابکۆف  جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا،لە بارەی ڕاپەڕێندرانی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش و قسەکانی کاربەدەستانی ئەمریکی لە بواری ھەنگاوی ھاوبەش وتی: ھەڵس و کەوتی لایەنەکانی دیکە لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئێران گرینگ نییە، بەڵام ھەڵوێستی ئێران ئەمەیە کە ھەنگاوی ھاوبەش بە بێ کەم و زۆر دەبێ جێبەجێ بکرێت.

سەیید عەبباس عەراقچی جێگری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند:ڕێککەوتنی ناڤۆکی ھیچ دانوستانێکی دووبارە ھەڵناگرێ و ھەڵوێستی ئێران و ڕووسیاو چین و سێ وڵاتەکەی ئەورووپاش لە بارەی ھەنگاوی ھاوبەشەوە ڕوونە.

عەراقچی وتیشی: ھیچ ڕێگایەک بێ کرانەوەی ھەمدیسانی دۆسیەی ھەنگاوی ھاوبەش، دانوستانی دووبارەو ھەموار کردن و یان پاشکۆ دروست کردن و یان ھەر ناوونتۆرێکی دیکە لە بارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکییەوە لە ئاردا نییە.

سەیید عەبباس عەراقچی جێگری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران پێشی داگرت: ھەنگاوی ھاوبەش بەڵێنێکی نێونەتەوەییە بۆ تەواوی ئەو وڵاتانەی کە بەشداران تیای دا و ئەم بەڵێنەش لە لایەن ئ ەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانەوە بووە بە بەڵێنێکی نێونەتەوەیی.

سەیید عەبباس عەراقچی جێگری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ھەروەھا لە بارەی ناوەڕۆکی دانوستانەکانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: ڕووسیا لە لایەنگرانی بەبڕشتی ھەنگاوی ھاوبەشەو بەدرێژایی دانوستانەکانی ناڤۆکی و ڕاپەڕاندنی تۆکمەوتەواوی ھەنگاوی ھاوبەش یارمەتیی زۆری داوین و ھیوای ئەوە دەکرێت کە بشێ بە ڕاوێژی نێوان ھەردووک وڵات لە ئاستی جۆربەجۆردا بەرژەوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا دابین بکەین.

سێرگەیی ڕیابکۆف  جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بۆ ڕاوێژی دەورەیی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیا سەردانی تارانی کردووە.

ڕێککەوتنی ناڤۆکیی نێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک بریتی لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە چووەتە واری جێبەجێ کرانەوە ، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی گرووپی پێنج کۆ یەک بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتنەدا تەگەرە دەنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی هەنگاوی هاوبەش، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی وەک ڕێککەوتنێکی ترسناک وەسفکردووەو داوای تێکدانی دەکات، کەچی دنیا نەیاری ئەو هەنگاوەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

 

سەرپەیڤ