شوبات 15, 2018 10:36 Asia/Tehran
  • سیاسەتی ئەمریکا سەرچاوەی سەرەکیی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینە

نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاردانەوە بە تۆمەتەکانی نوێنەری ئەمریکا لەم ناوەندەدا رایگەیاند: داکۆکی بێ شەرت و مەرج لە سیاسەتی دەسدرێژکانەرانەی ڕژێمی زایۆنی سەرچاوەی سەرەکیی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینە.

"نیکی هێڵی" نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە درێژایی یەک ساڵ چالاکی خۆیدا بەردەوام داکۆکی لە ڕژێمی زایۆنیی کردووە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە سووریا  تۆمەتی ئاڵۆز کردنی ناوچەی خستە پاڵی ئێران و ڕووسیا .

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیرنا؛ لە بەیاننامەی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: لە کاتێکدا کە راستییەکان باس لە هەوڵی دڵسۆزانەی ئێران بۆ سڕینەوەی کێشە و ناکۆکی لە سووریا دەکەن، ئەوە دەوڵەتی ئەمریکایە کە پێش بە هەرچەشنە هەوڵ و هەنگاوێک لەم بارەوە دەگرێ.

ئەم بەیاننامەیە بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە دەوری ئەمریکا لە پەرەپێدانی داعش و تیرۆریزم لە ناوچەکە حاشاهەڵنەگرە، ڕاشیدەگەیەنێ: شەڕنانەوە و خۆوەردانە نایاساییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی جۆربەجۆری ناوچە بەتایبەت لە عێراق، لیبی، سووریا، لوبنان و ئەفغانستان بۆتە هۆی ئاڵۆزی لەم وڵاتانەدا و دواهاتی کارەساتبار لە ناوچەکەدا.

قسەکانی دژە ئێران و سووریای "نیکی هێڵی" دوابەدوای ئەوە هاتە ئاراوە کە سوپای سووریا فڕۆکەیەکی دەسدرێژکاری ڕژێمی زایۆنی پێکا و خستیە خوارەوە.

سەر لەبەیانیی شەممە ١٠ی فێڤرییە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی چەندین جار سنووری ئاسمانیی سووریایان بەزاند و ژمارێک ناوچەی باشوری سووریایان دایە بەر پەلامار؛ دوابەدوای ئەو دەسدرێژکارییەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی؛ سیستەمی دژە ئاسمانیی سوپای سووریا یەکێک لە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسراییلی پێکا و خستیە خوارەوە.

پێکان و خستنە خوارەوەی فڕۆکەی دەسدرێژکاری ڕژێمی زایۆنی لە لایەن هێزەکانی سوپای سووریاوە، بۆتە هۆی تووڕەیی ئەم ڕژێمە و کۆنەپشتیوانەکەی واتە ئەمریکا.

سەرپەیڤ