شوبات 15, 2018 16:46 Asia/Tehran
  • سەردار سولەیمانی: تۆڵەی خوێنی عیماد موغنیە لەنێو چوونی ڕژێمی زایونییە

سەرکردەی فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: تۆڵەی خوێنی عیماد موغنیە ھاویشتنی موشەک و کوشتنی یەک کەس نییە، بەڵکو تۆڵەی خوێنی ئەو عیمادانەی کە لە فەلەستین و لوبنان و ئێران لە ئەنجامی پیلانی ئیسرائیل شەھید دەبن، پێچرانەوەی ڕژێمی منداڵکوژی زایونییە.

عیماد موغنیە ناسراو بە حاج ڕزوان لە سەرکردە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بوو کە لە ١٢ی فڤریەی ٢٠٠٨ لە دیمەشقی سووریا لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکی تیرۆریستی لە لایەن دەست و پێوەندەکانی ڕێکخراوەی شۆڤاریی ڕژێمی زایونی(موساد)ەوە شەھید کرا.

سەرداری سەرلەشکر حاج قاسم سولەیمانی سەرکردەی فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە ڕێ و ڕەسمی ڕێزنان لە ساڵگەڕی شەھید بوونی عیماد موغنیە لە تاران دا وتیشی: ئەمڕۆ غەززەو لوبنان بنکەی دڵەخورپە چێکردنی بەردەوامن بۆ ڕژێمی ئیسرائیل و ھەر موشەکێک کە لە فەلەستینەوە دەھاوێژرێت شوێن پەنجەی عیماد موغنیەی پێوە دیارە.

سەرکردەی فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتیشی: عیماد موغنیە، تاقمە فەلەستینییەکانی بە ناوەندی خۆڕاگرییەوە پەیوەست کرد، حەماسی بەھێز کرد و بەرەی گەل لە پێناوی ڕزگاریی فەلەستینی چالاک کردو بەم ھزرەوە توانی غەززە بکات بە قەڵایەکی پۆڵایینی لە شکان نەھاتوو.

سەرداری سەرلەشکر حاج قاسم سولەیمانی سەرکردەی فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەوەشی وەبیر ھێنایەوە کە: کردەوەکانی ڕژێمی زایونی دەربڕی ناپاوەجێ و سستەک بوونی ئەو ڕژێمەیە و ئێستاکە ترس و تۆقان و پەلەقاژەو ھێرشی مارەنگازانەی ڕژێمی زایونی نیشاندەری دوایین ھەوڵ و پەل کوتانەکانی دوژمنە.

ناوبراو وتیشی: ڕێبازی عیماد موغنییە و شەھیدانی دیکەی لوبنان و عێراق  بەردەوام دەبێت و ھەموو ڕۆژێک پانتاییەکەشی لە ئاراستەی سەربەرزیی جیھانی ئیسلام زیاتر دەبێت.

سەرداری سەرلەشکر حاج قاسم سولەیمانی سەرکردەی فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ھەروەھا پێی داگرت: عیماد موغنیە بۆ دوژمنان ھێمای ترس و تۆقان و بۆ ھاوڕێ و دۆستەکانی جێگای ھیوا بوو و شەھید بوونی ئەم ڕەمزەی بەرخۆدان بووە ھۆی سەرسوڕمانی تەواوی جیھان و خەم و پەژارەی گشتیی لە جیھانی ئیسلام دا.