شوبات 17, 2018 18:22 Asia/Tehran
  • رۆحانی: ئەگەر ئەمریکا لەبابەت ڕێککەوتنی ناڤۆکی، پەیمان شکێنی بکات، پەژیوان دەبێتەوە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە چەنەلێدانی ئەمریکا پاش ئیمزای ڕێککەوتنی ناڤۆکی، کارێکی گاڵتەجاڕانەیە، وتی: ئەمریکا دەبێ جیاوازی دابنێ لەنێوان جیهانی سیاسەت و جیهانی تیجارەت وئەگەر لەمەڕ ڕێککەوتنی ناڤۆکی پەیمان شکێن بێت، حکومەت وگەلی ئەمریکا پەژیوان دەبنەوە.

حەسەن رۆحانی ئەمڕۆ شەممە لەنێو لێکۆڵەران و بیرمەندانی دامەزراوەی ئۆ ئاڕ ئێف، ی هیندستان لە دێهلی نوێ بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکا نەک لەگەڵ ئێران و ڕێککەوتنی ناڤۆکی، بەڵکوو لەگەڵ پەیمان شکێنی و بیروڕای گشتیی جیهاندا بەرەوڕوویە، وتی: ڕێککەوتنی ناڤۆکی، بەڵێنی حەوت وڵات و پشت ڕاست کراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بەگوێرەی کولتوری ئیسلامی وئێرانی، هەتا هەنگاوی هاوبەش پێشێل نەکەن، تاران پێشێلکەری نابێ.

رۆحانی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە زۆربەی پرسە ناخۆشەکانی جیهان سەرچاوەگرتوو لە هەڵەی حیساباتییە، وتی: هەڵەی حیساباتی و وەفادار نەبوون بە پەیمان، لە هۆوهەگەرە سەرەکییەکانی گرتنەبەری سیاسەتە دوژمنکارانەکانی ئەمریکا لەدژ ئێرانە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە مرۆڤ هەزاران ساڵ لەگەڵ کێشەگەلێکی وەک تیرۆریزم و توندوتیژیی بەرەوڕوو بووە، وتی: داعش ئامرازێکی باش بوو بۆ ئەمریکا وئەگەر پێویست بکات، هۆو هەگەرەکانی بۆ جیهانیان شی دەکرێتەوە.

رۆحانی هەروەها وتی: ئەمریکا بێ ئیزنی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان هێرشی کردەسەر ئێراق، دەسدرێژی کردە سەر خاکی سووریاو دەسوەردانی کاروباری وڵاتانی ناوچە دەکات.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە سیاسەتوانانی جیهان ئەگەر ئەخلاقیان نییە، لانیکەم درۆ نەکەن لەگەڵ گەلەکانیان، وتی: سیاسەتی بێ ئەخلاق و پەیمان شکێنانە، ناتوانێ گیروگرفتەکانی جیهان چارەسەر بکات.

دامەزراوەی توێژکاریی ئابزرڤێر ناسراو بە ئۆ ئاڕ ئێف لەبەر تیشک خستنەسەر پرس وبابەتە گرینگەکانی جیهان و کەڵک وەرگرتن لەهاوبەشیی کارناسانی بلیمەت و ئامادەبوونی سیاسەتوانانی هەڵکەوتە، ناوبانگ و گرینگایەتی هەیە.

رۆحانی کەپێنج شەممەی حەوتەی ڕابردوو بەمەبەستی سەردانێکی سێ ڕۆژیی گەیشتبووە هیندستان، پاش مانەوەی دوو رۆژەی لە حەیدەرئاباد، دوێشەو(هەینی) گەیشتە دێهلی نوێ و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لەلایەن سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی هیندستان بەفەرمیی پێشوازیی لێکرا.

سەرپەیڤ