شوبات 18, 2018 08:16 Asia/Tehran
  • قاسمی: قسەکانی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی دژ بە بەڵێنەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هەڕەشەیەک لە سەر وڵاتانی دیکەیە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی یەکشەممە قسەکانی ئەمدواییەی "هێربێرت ڕەیمۆند مەک مەستێر" Herbert Raymond McMaster ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی سەبارەت بە ئێرانی بە هەڕەشەیەک لە وڵاتانی دیکە لە لایەن ئەم کاربەدەستە ئەمریکاییەوە زانی و ئەوەی نەک هەر دژ بە وادە و بەڵێنەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک ن، بەڵکوو بنپێکەری ماف و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانیش هێنایە ئەژمار.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەی ئاسایشیی مونیخدا لە قسەگەلێکی گاڵتەجاڕ ئێرانی کە دەوری سەرەکی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە ناوچەکەدا دەگێڕێ بە بەرپرسی زۆربەی ئاڵۆزی و ناپاوەجێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین زانی.

مەک مەستێر هەروەها بە بنپێ کردنی ئاشکرای پێبەندییەکانی وڵاتەکەی بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، داوای لە وڵاتانی جیهان کرد لە ئێراندا سەرمایەیان نەخەنە گەڕ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "بەهرام قاسمی" شەوی یەکشەممە بە ئیدانە کردنی ئەو قسانەی مەک مەستێر، رایگەیاند شکستە پەیتا پەیتاکانی کاربەدەستانی ئەمریکایی لە گۆڕەپانە جۆربەجۆرەکانی جیهان بەتایبەت لە ماوەی چەن مانگی رابردوودا بۆتە هۆی ئەوەی تا زیاترلە جاران و بە ڕاشکاوی بەڵێن شکێنیان، متمانەپێ نەکراو بوونیان و ئامانجە دوژمنکارانەکانیان لە جیهاندا بخەنەر بەرچاو.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی ئەم قسانەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی هیچ گومانێک نایەڵێتەوە لە سەرئەوەی کە ئەمریکا بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، کە وەکوو یەکێک لە لایەنەکانی ئەو ڕێککەوتنە پێبەند کراوە بەوەی کە پێش بە جێبەجێ کرانی سەرکەوتووانە و نیازپاکانەی نەگرێ، بەردەوام هەوڵ دەدات لەسەر ڕێگای تەعامول و کەڵک وەرگرتنی دوولایەنەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ئێران لە سوود و قازانجەکانی، هەل و دەرفەتەکان و توانا و بارستا ئابوورییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک تەگەرە بنێتەوە.

قاسمی ڕاشکاوانە رایگەیاند: ئێران ئەم قسانە بە هەڕەشە کران لە وڵاتانی دیکە لە لایەن کاربەدەستانی ئەمریکاییەوە دەزانێ و ئەوە نەک هەر بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە بەرجام دەزانێ بەڵکوو لە ڕاستیدا بنپێ کرانی ماف و  یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتییەکانیشە.

"دۆناڵد ترەمپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی بە پەیمانێکی نالەبار ناو بردووە و خوازیاری هەڵوەشانەوەیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

 

سەرپەیڤ