شوبات 19, 2018 08:27 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەمڕیکا ھەنگاوی ھاوبەشی پێشێل کردووە

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: ئەمریکا بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەشی پێشێل کردووە، بەڵام ھەنگاوی ھاوبەش وەک خۆی ماوەتەوەو پاوەجێیە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ یەکشەممە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشتیی مونیخ لە وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکا ڕایگەیاند:ئەمریکا بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش(ڕێککەوتنی ناڤۆکی)ی پێشێل کردووە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ھەنگاوی ھاوبەش لە بەریەک ھەڵوەشاوەتەوە،چونکو وڵاتان سەرباری گوشاوپاڵەپەستۆی قورسی واشێنگتۆن پێبەندی بەڵێنەکانی خۆیانن لە سەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە.

موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەلاقاژەی ئەمریکا بۆ تەریک خستنەوەی ئێرانی بە ھەرەس ھاتوو زانی و وتیشی: ئەمریکا بەو پەیمان شکێنییەی لە ڕاستی دا خۆی تەریک خستووەتەوەو لە داھاتوودا ئیدی ھیچ وڵاتێک بڕوای بە واژۆی کاربەدەستانی ئەمریکی لە ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکاندا نامێنێ.

موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە مەترسییەکانی ڕژێمی زایونی لە ناوچەکەش دا وتی: ئەگەر ئەم ڕژێمە ھەڕەشەو گوڕەشەکانی جێبەجێ بکات، دیارە وەڵامی خۆشی وەردەگرێتەوە.

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک بریتی لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە چووەتە واری جێبەجێ کرانەوە ، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی گرووپی پێنج کۆ یەک بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتنەدا تەگەرە دەنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی هەنگاوی هاوبەش، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی وەک ڕێککەوتنێکی ترسناک وەسفکردووەو داوای تێکدانی دەکات، کەچی دنیا نەیاری ئەو هەنگاوە دوژمنکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.