بەیاننامەی بەرجامیی پاریس ، دانپێدانان لەسەر پێویستی پێبەند بوون بە بەڵێنەکان
دەوڵەتی فەرەنسا وێڕای پێداگری کردنەوە لەسەر بەڵێنەکانی بەرامبەر ڕێککەوتنی ناڤۆکی ، داوای جێبەجێ کرانی وردبینانەی ئەو ڕێککەوتنامەیەی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رویتەرز، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی دووشەممە بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند : پاریس هەر ئەو جۆرەی کە ئێمانوئێل مەکرۆن سەرۆکی ئەم وڵاتە وتوویەتی داوای جێبەجێ کردنی ڕاستەوخۆی بەرجامە و درێژە دەدات بە وتووێژ لەگەڵ شەریکەکانی ئەورووپی و ئەمریکی سەبارەت بە بەرنامەی ناڤۆکیی ئێران .
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا وتیشی : هەڵوێستی پاریس سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی ، ڕوون و ئاشکرایە.
لەلایەکی دیکەوە کاربەدەستێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی : واشینگتۆن گەڵاڵەیەکی دوو قۆناخی بۆ بەرجام لەبەرچاو گرتووە کە لە یەکەم قۆناخ دا، ئەمریکا لە هەوڵدایە بۆ وەرگرتنی ڕەزایەتی وڵاتانی ئەورووپی بەمەبەستی وتووێژی دووبارە لەسەر بەرجام و لە قۆناخی دووهەمیش کە دوای ئەوە دەست پێ دەکرێت، وەرگرتنی داکۆکی چین و ڕووسیا دەخاتە دەستووری کاری خۆیەوە.
بڕیارە شاندێکی وتووێژکاری ئەمریکی ڕۆژی سێ شەممە لەگەڵ کاربەدەستانی فەرەنسایی، ئاڵمانیا و بەریتانیا لە پاریس دیدار و وتووێژ بکات.
ئێران هەرچەشنە وتووێژی دووبارە سەبارەت بە بەرجام و گۆڕینی ئەم ڕێککەوتننامەیە بە بڕشتانە ڕەت دەکاتەوە.