گواستنەوەی تەرمی کوژراوانی فڕۆکەی موسافیرهەڵگری ئەی تی ئار
تەرمە دۆزراوەکانی ڕووداوی کەوتنە خواری فڕۆکەی موسافیر هەڵگری ئەی تی ئار بۆ کەمپی شاخەوانان لە بەرزاییەکانی کێوی دێنا گویزرایەوە .
شاهین فەتحی، جێگری ئۆپراسیۆنی ڕێکخراوی فریاگوزاری مانگی سووری ئێرانی ئێوارەی ڕوژی سێ شەممە بەڕاگەیاندنی ئەمەی کە کاری گواستنەوەی تەرمی موسافیرەکانی فڕۆکەی ئەی تی ئار دەخرێتە چوارشەممە وتیشی : ئێستاکە تیمەکانی مانگی سوور و تیمە خۆجێییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە خەریکی کۆکردنەوەی تەرمی کوژراوانن و بەسەرنجدان بەمەی کە توانایی فڕینی کۆپتەرەکان لە ئارادا نییە تیمەکان لە ناوچەدا دەمێننەوە و سبەینێ بە زۆرتر بوونی تیمەکان، تەرمی موسافیرانی فڕۆکەکە، دەگوازرێتەوە .
شاخەوانانی ئامادەبوو لە شوێنی کەوتنەخواری فڕۆکەی موسافیرهەڵگر، بەرلەمە باسی دۆزینەوەی تەرمی سی کوژراوی کەوتنە خواری فڕۆکەی ئەی تی ئاریان کرد بوو .
جەلال پووران فەرد سەرۆکی ناوەندی ڕووداوەکان و خێرایی پزیشیکی کۆهکیلوییە و بویەر ئەحمەد لەباشووری ڕۆژاوای ئێرانیش وتی : پزیشکیی یاسایی و تاقمەکانی دیکەی پشکنین و ئورژانس لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەن و خەریکی ناسینەوەی تەرمەکانن .
ئیسماعیل نەجار سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕێوەبەرایەتی ئێرانیش وتی : هەوڵ دەدەین لە کەمترین کات دا تەرمی کوژراوانی ئەم ڕووداوە و لە قۆناخەکانی دواتر لاشەی فڕۆکەکە بێنینە خوارەوە.
ئەمیر سەرتیپ نەوزە نیعمەتی جێگری فەرماندەی هێزی زەوینیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ڕایگەیاند : ئامادەبوونی ئەرتەش لەگەڵ فڕیاگوزاران لە شوێنی کەوتنە خواری فڕۆکەی موسافیرهەڵگری کۆمپانیای ئاسمان هەتا کاتێک کە پێویست بێت درێژەی دەبێت .
فڕۆکەیەکی ئەی تی ئاری سەربە کومپانیای فڕۆکەوانیی ئاسمانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە دوای فڕین لە فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران تێپەڕکردنی ڕێگایەک بەرەو یاسووج لە ناوچەی دناکێوی سەمیروم کەوتە خوارێ و هەموو 66 سەرنشینەکەی گیانیان لە دەست دا .