شوبات 21, 2018 16:33 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی :  پتەوبوون و ڕاپەڕێندرانی هەنگاوی هاوبەش ئاسانکاری دەکات بۆ پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، پتەوبوون و ڕاپەڕێندرانی هەنگاوی هاوبەشی بە بەستێن خۆش کەری پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران زانی و وتیشی: دەبێ تەواوی لایەنەکان پێبەندی بەڵێنەکانیان بن لە بارەی هەنگاوی هاوبەشەوە و جێبەجێی بکەن.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری ( ئالفۆنسۆ داستیس) وەزیری دەرەوەی ئەسپانیا لە تاران، وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە دوای واژۆ کران و ڕاپەڕێندرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی ئیدی هیچ هۆیەک بۆ مشت و مڕی دووبارە و دانوستان بەدی ناکرێت، وتیشی: ئێران هەتا ئەو کاتەی کە لایەنی بەرامبەر بەڵێنەکانی لەمەڕ هەنگاوی هاوبەشەوە جێبەجێ بکات، پێبەندی دەبێت.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئاسایشتی ناوچەیی ، کۆتایی هێنان بە قەڵاچۆی خەڵک لە پێکدادانەکانی یەمەن و خەباتی دژی تیرۆریزمی لە ڕیزی ئەو بابەتە گرینگانە زانی کە دەشێ بەستێن بۆ هاریکاریی ئەرێنیی ئێران و یەکێتیی ئەورووپا خۆش کات و وتی: هەمووان دەبێ یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی دۆخی نالەباری یەمەن هەرچی خێراتر کۆتایی پێ بێت و سنوورەکانی ئەم وڵاتە بۆ ناردرانی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە سانا بکرێت.

( ئالفۆنسۆ داستیس) وەزیری دەرەوەی ئەسپانیاش لەم دیدارەدا، ئێرانی وەک وڵاتێکی بەهێز و کاریگەر لە ناوچەکەدا پێناسە کرد و وێڕای پێداگرتن لە سەر پشتیوانیی تۆکمەوتەواوی  یەکێتیی ئەورووپا لە بەردەوام کران و پاوەجێ بوونی هەنگاوی هاوبەش وتیشی: پەرەسەندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران بۆ ئەسپانیاو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا گرینگە و لە سای بەردەوام کرانی هەنگاوی هاوبەش دەکرێ ئەم پەیوەندییانە پتەوتر بکرێنەوە.

( ئالفۆنسۆ داستیس) وەزیری دەرەوەی ئەسپانیا تیشکی خستە سەر پێویستیی خۆتێگەیاندنی وڵاتانی کاریگەر لە ناوچەکە بۆ کۆتایی هێنان بە هەل و مەرجی ئاڵۆزی مرۆڤی لە یەمەن و وتیشی: تەواوی وڵاتان دەبێ  گرینگایەتی بدەن بە چەسپێندرانی ئاشتی، ئاسایشت و سەقام لە ناوچەکەداو لەم ئاراستەیەدا پێش بە هەرچەشنە ململانێیەکی چەکەمەنیانە بگیردرێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و ( ئالفۆنسۆ داستیس) وەزیری دەرەوەی ئەسپانیا هەروەها لەم چاوپێکەوتنەدا وێڕای ئاماژە کردن بە توانایی و بارستای بەربڵاوی هاوکاری لە نێوان ئێران و ئەسپانیا ، لە سەر پێویستیی هەوڵدان بۆ گەشەو هێزمەندو پتەو کرانەوەی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکانی دوو وڵات جەختیان کرد.

سەرپەیڤ