شوبات 22, 2018 18:06 Asia/Tehran
  • عەراقچی : ئامادە بوونی ئێران لە سووریا بۆ خەباتی دژی تیرۆریزمە

جێگری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئامادە بوونی موستەشارییانەی ئێران لە عێراق و سووریاو خەباتی دژی تیرۆریزم، ڕێگر بووە لە بەردەم زاڵ بوونی تاقمە تیرۆریستییەکان بە سەر ناوچەکەو لەوانە لوبنان دا.

عەبباس عەراقچی جێگری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی (بی بی سی ) بریتانیا پێی داگرت: ڕەوشتی سووریا گەلێک ئاڵۆزەو نیگەرانی لە بارەی سەرھەڵدانی شەڕێکی بەربڵاوتر لە ناوچەکەدا ڕووی لە ھەڵکشان ناوە.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ھیچ ڕێگاچارەیەکی سەربازی بۆ قەیرانی سووریا لە ئارادا نییە، وتیشی: ئێران بەردەوام بە دوای کەم کرانەوەی توندوتیژی و تێکھەڵچوونەکان لە سووریادا بووەو بە ھاوکاریی ڕووسیاو تورکیا ڕەوتی ئاستانەی بە مەبەستی کەم کردنەوەی ئاڵۆزی لە سووریادا پێکھێناو یارمەتیی پەرەسەندنی ناوچەکانی کەم ئاڵۆزیی لە بەشە جۆربەجۆرەکانی سووریا داوە.

عەبباس عەراقچی جێگری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ھیواداریی دەربڕی کە سەروەری و یەکگرتوویی سووریا لە لایەن تەواوی وڵاتانەوە قەبووڵ بکرێت و سوورییەکان لە ئاراستەی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی پێکەوە دابنیشن و وتووێژ بکەن.

جێگری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی سیاسی بۆ بەشداری کردن لە دانوستانی سیاسیی ئێران و بریتانیا سەردانی لەندەنی کردووە.

تیرۆریستە تەکفیرییەکانی داعش لە ساڵی 2011 بە پشتیوانیی عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیاوە بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە پەلاماری سووریایان داو لە ماوەی  ئەم ساڵانەدا هەتا ئێستا سەدان کەسی سڤیل لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە بە تاوانی سەرپێچی کردن لە فەرمانەکانی داعش کوژراون.

 

 

 

سەرپەیڤ