ئادار 04, 2018 14:30 Asia/Tehran
  • بروجردی: ئێران، تورکیا و ڕووسیا دەتوانن کردەوەکانی ئەمریکا لە ناوچە پووچەڵ بکەنەوە

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ئێران، بە پێداگری لە سەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچە وتی: ئێران، تورکیا و ڕووسیا دەتوانن هەنگاوەکانی ئەمریکا پووچەڵ بکەنەوە و پێش بە پارچە پارچە کرانی وڵاتانی ناوچە بگرن.

"عەلائەدین بروجردی" شەوی یەکشەممە لە دیداری "وێڵکان بوزکەر" سەرۆکی کۆمیسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا لە تاراندا، بە ئاماژە بە پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بۆ پارچە پارچە کردنی وڵاتانی ناوچە وتیشی: گەڵاڵەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ساڵانی ئەمدواییەدا لە چوارچێوی وەڕێخستن و پشتیوانی کردنی گرووپە تیرۆریستییەکان دەرکەوتووە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ئێران، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: هاوکاریی ئێران، تورکیا و ڕووسیا لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم لە سووریا پێشی گرتووە بە جێبەجێ کرانی پیلانەکانی ڕۆژاوا بۆ پارچە پارچە کردنی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

"وێڵکان بوزکەر" سەرۆکی کۆمیسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیایش لەم دیدارەدا بە ئاماژە بە پێوەندیی باشی نێوان تاران و ئانکارا سەبارەت بە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش وتی: هەرچەن زەخت و گوشارێکی زۆر بۆ بەرەوڕووی شکست کردنی هاوکارییەکانی ئێران، تورکیا و ڕووسیا سەبارەت بە پرسەکانی ناوچە لە ئارادایە، بەڵام پێوەندیی کاریگەری ئەم سێ وڵاتە بۆتە سەرچاوەی خێر بۆ ناوچەکە و چارەسەر کرانی زۆرێک لە قەیرانەکان بەتایبەت لە سووریای بە دواوە بووە.

"وێڵکان بوزکەر" سەرۆکی کۆمیسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا هەروەها ڕایگەیاند: هەڵەکانی ئەمریکا لە ناوچە بۆتە هۆی بەهێزتر بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان و  سەرهەڵدانی قەیرانی زیاتر لە ناوچەکە  و وتیشی: تورکیا هەروەک ئێران سوور و پێداگرە لە سەر  یەکپارچە مانەوەی خاکی سووریا و دژ بە هەرچەشنە دابەش کران و پارچە پارچە بوون لە ناوچەکە دەجوڵێتەوە.

سەرپەیڤ