ئادار 18, 2018 10:21 Asia/Tehran
  • کاردانەوە بە هەوڵی سێ وڵاتی ئەورووپایی بۆ ڕاگرتنی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی

وتەبێژی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران وتی: داسەپاندنی بایکۆتی نوێ بە سەر ئێران بۆ ڕاگرتنی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرانسا، چین، ڕووسیا و ئەڵمان) زەبرێکی دیکەیە کە دەبێتە هۆی بنپێ کرانی ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە.

"حسێن نەقەوی نژاد" ڕۆژی شەممە بە ئاماژە بە بڕیاری سێ وڵاتی ئەورووپایی لەمەڕ داسەپاندنی بایکۆتی نوێ بە سەر ئێران بۆ ئەوەی ئەمریکا رازی بە مانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بکەن، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەوەی کە ئەورووپاییەکان هەوڵ دەدەن ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەدا بمێنێتەوە هەنگاوێکی ئەرێنییە بەڵام دەبێ بزانین ئەو هەنگاوە بە چ ئامانجێک هەڵدەگیردرێ.

وتەبێژی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕوون  وشەفافە و هەر بۆیە ئەمریکاییەکان لەو پەیمانەدا نەمێننەوە ئیتر ئێرانیش بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە هیچ بەڵێن و ئەستۆگرییەکی لە سەر شان نامێنێ.

ئەڵمان، فەرانسا و بەریتانیا بە بانگەشەی ئەوەی کە بەنیازن "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هان دەن بۆ مانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و گرووپی ١+٥، پێشنیاریان داوە بە یەکێتیی ئەورووپا کە بایکۆتی نوێ بە سەر ئێران داسەپێنێ کە بە پێی ئەوە ئەو کەسانەی دەستیان هەیە لە بەرنامەی مووشەکیی ئێران و چالاکییەکانی ئێران لە سووریا دەکەونە بەر ئامانج.

"بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە لە وتووێژ لەگەڵ کەنالی جام جەم تەلەڤزیۆنی ئێران رایگەیاند: پرسە مووشەکییەکان و پرسە بەرەڤانییەکانی هەر وڵاتێک پێوەندی بە خودی ئەو وڵاتەوە هەیە و هیچ وڵاتێکی دیکە سەبارەت بە توانای بەرەڤانی خۆی لە پێوەندی بە دەسەڵاتدارێتیی  و یەکپارچەیی خاکیەوە بێ، دانوستان ناکات.

سەرپەیڤ