بروجردی: ئەورووپا توانای بریار دانی گرینگ نییە
سەرۆکی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئیران وتی: ئەورووپا بەردەوام ئەوەی سەلماندووە کە توانای پێویستی بۆ بڕیاردانی گرینگ نییە.
"عەلائەدین بروجردی" ڕۆژی یەکشەممە لە کاردانەوە بە بڕیاری ئەمدواییەی فەرانسا؛ ئەڵمان و بەریتانیا لەمەڕ داسەپاندنی بایکۆتی نوێ دژ بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران رایگەیاند: وڵاتانی ئەورووپایی ئەگەر بۆ خۆشیرین کردنیان بۆ ئەمریکا دەیانهەوێ کۆماری ئیسلامیی ئێران بایکۆت بکەن، بزانن کە ئەوە نالەبارترین ڕێگایە و پیشاندەری لاوازی و بێ دەسەڵاتی ئەورووپاییەکان بەرامبەر بە گوشارەکانی ئەمریکایە.
ئەڵمان، فەرانسا و بەریتانیا بە بانگەشەی ئەوەی کە بەنیازن "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هان دەن بۆ مانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و گرووپی ١+٥، پێشنیاریان داوە بە یەکێتیی ئەورووپا کە بایکۆتی نوێ بە سەر ئێران داسەپێنێ کە بە پێی ئەوە ئەو کەسانەی دەستیان هەیە لە بەرنامەی مووشەکیی ئێران و چالاکییەکانی ئێران لە سووریا دەکەونە بەر ئامانج.
سەرۆکی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئیران جەختی کرد: بە کردەوە جێبەجێ کرانی ئەو بڕیارە کاریگەرییەکی یەکجار نالەبار لە سەر پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەورووپا دادەنێ.
بروجێردی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: بەهێزتر کردنی سیاسەتی ڕوو کردنە ڕۆژاوا، هەڵگرتنی هەنگاوی گەورە لەگەڵ وڵاتانی وەک ڕووسیا و چین و دەکارهێنانی توانا و پوتانسییەلی دراوسێکان دەبێ لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا زیاتر بایەخی پێ بدرێ.