ئادار 21, 2018 03:01 Asia/Tehran
  • ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ساڵی ١٣٩٧ی کۆچیی ھەتاوییان وەک ساڵی (پشتگری کردن لە بەرھەمی ئێرانی) ناودێری کرد

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی ھاتنی ساڵی ١٣٩٧ ی کۆچیی ھەتاوی، وێڕای پیرۆز کردنی نوێ بوونەوەی ساڵ لە تەواوی ھاووڵاتییان و ئێرانییەکان بە تایبەت بنەماڵەی بەڕێزی شەھیدان، گیانبازان و تازەلاوان و لاوانی ھیوابەخش و پێشبەری بزوتنەوەی زانستیی وڵات و بە خواستنی ئاواتی نەورۆزێکی شادو شیرین و ساڵێکی پڕ لە خێرو بەرەکەت، ساڵی تازەیان وەک ساڵی (پشتگری کردن لە بەرھەمی ئێرانی) ناودێری کرد.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ھەڵسەنگاندنێکی ھەورازو نشیوو کەندو کۆسپ و ڕووداوە تاڵ و شیرینەکانی ساڵی ١٣٩٦ ، ئەو ساڵەیان وەک ساڵی دەرکەوتنی مەزنایەتی و دەستەڵات و لەسەر ھەست بوونی گەل زانی و وتیشیان: ھەر لە سەرەتای ساڵەوە پتر لە چل ملوێن کەس لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی و ئەنجومەنەکان دا بەشدارییەکی ھەرە باش و بەربڵاوو سەرسوڕھێنەرو پڕ واتایان ھەبوو کە ئەم ئامادە بوونە لە ڕێپێوانی ڕۆژی قودس، ڕێپێوانەکانی نۆھەمی بەفرانبارو لە ھەمووشی گرینگتر ڕێپێوانە ھەرەبەرچاوەکەی ٢٢ی ڕێبەندان دا بەردەوام کرا.

بەڕێزی وێڕای ئاماژە کردن بە پیانگێڕان و پەلەقاژەی بێ ئەنجامی دوژمنان بۆ دروست کردنی بشێوی لە مانگەکانی کۆتایی ساڵ، ڕێپێوانە خۆڕسکەکانی خەڵک لە ھەمبەر ئاژاوەکانی بە د ەربڕی لە سەرھەست بوونی گەلی مەزن، بەرچاوڕوون، چالاک و ھەمیشە ئامادەی ئێران لە ھەموو گۆڕەپانەکاندا زانی و وتیشیان: گەلی ئێران و تەنانەت ئەوانەش کە دوژمنان بەتەما بوون ئاژاوەکان بە باڵایاندا ببڕن، لە بەرامبەر ئاژاوەگێڕان دا وەستان و بەم ڕووداوە مەزنایەتیی گەلی ئێران زیاتر لە جاران ڕوون بووەوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ، دەستھاتێکی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی تازەیان (گۆڕینەوەی ھەڕەشە ناوچەییەکان بە دەرفەت) زانی و وتیشیان: یەکێک لە ئامانجەکانی ھەڕەشە ناوچەییەکان ، زەبر وەشاندن لە ئێران بوو، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک ھەر ماوەی ئەوەی نەدا کە ئەو ھەڕەشەو گوڕەشانە زەبر لە وڵات بوەشێنن، بەڵکو کردی بە ھەل و دەرفەتێکی زێڕینیش.

بەڕێزی ھەوڵ و چالاکییەکان لە ئاراستەی وەدی ھاتنی دروشمی ساڵی ١٣٩٦ی کۆچیی ھەتاوی واتە ( ئابووریی خۆڕاگرانە، بەرھەمھێنان و کارنانەوە)یان  خاڵێکی ئەرێنی و ھیوابەخشی دیکە ھێنایە ئەژمار و وتیشیان: کاری باش لە ئاراستەی بەرھەمھێنان و ئیش و کار نانەوە کراو دروشمی ئەو ساڵە ھەتا ڕادەیەک وەدی ھات، ھەڵبەت دیارە کاری زۆریش ماوە کە دەبێ ھەتا وەدی ھاتنی تۆکمەوتەواوی ئەو دروشمە دەبێ بەردەوام بکرێن و پێ و شوێنیان بگیردرێت.

ڕووداوگەلێکی وەک سێڵاو، بوومەلەرزە، نوقم بوونی نەوتھەڵگرەکەی ئێران و داکەوتنی فڕۆکەو گیان لە دەست دانی کۆمەڵێک لە ھاووڵاتییانی خۆشەویست لەو ڕووداوە تاڵانەی ساڵی ١٣٩٦ بوون کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئاماژەیان پێ کردو فەرموویان : جیا لەم کارەسات و ڕووداوانە، بەردەوامیی وشکەساڵی لە بڕێک لە ناوچەکانی وڵات و ھەروەھا درێژەی گرفت و تەنگژەی گوزەرانی ھێندێک لە چینەکان لە ڕابردووەوە لەو بابەتانەن کە ھەر ھەموو دەبێ بۆ چارەسەر کرانیان ھەوڵ بدەن.

بەڕێزیان لە مەڕ ئاسۆی جوڵانەوەی خەڵک و بەرپرسان لە ساڵی تازەش دا وتیان: من لە دروشمەکانی ساڵ ھەموو جارێک ڕووم لە بەرپرسانە، بەڵام ئەمساڵ ڕوو لە تاک تاکی گەلەکەمان لەوانە بەرپرسان دەکەم و ھەر ھەموو دەبێ بێ وچان لە ھەوڵ و چالاکی دا بن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران  پرسی سەرەکیی ئەمساڵیشیان وەک ساڵانی ڕابردوو»، پرسی ئابووری و گوزەرانی خەڵک زانی و وێڕای پێداگرتن لە سەر بەرھەمھێنانی نیشتیمانی،وەکوو تەوەرەی بنەمایی لەمەڕ چارەسەر کردنی گرفتە ئابوورییەکان وتیشیان: ئەگەر ڕەوتی بەرھەمھێنانی نیشتیمانی بە ھیممەت و پێ و شوێن گرتنی ھەمووان خێڕاتر بێتەوە، زۆرێک لە گرفتەکانی گوزەرانی خەڵک و کێشەی ئیش و کارنانەوەو سەرمایەدانان چارەسەر دەبێت و وێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان کەم دەبنەوەو ھەر بەم پێیەش ناوو دروشمی ئەمساڵ( پشتگری کردن لە بەرھەمی ئێرانی) ڕادەگەیەنم.

بەڕێزی ھەروەھا وێڕای درودوسڵاو ناردن بۆ خزمەتی حەزرەتی بەقیەتوڵڵا ئیمامی مەھدی(عج) و درود ناردن بۆ ڕۆحی پاکی ئیمامی مەزن(رە)، ھاوتەریب بوونی بەھاری سروشت لەگەڵ بەھاری مەعنەوییەت واتە مانگەکانی ڕەجەب و  شەعبان و ڕەمەزانی پیرۆزیان بە دەرفەتێک بۆ گەشەو ڕسکانی دووبارەی ماددی و مەعنەویی گەلەکەمان زانی.