نیسان 18, 2018 21:23 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی : دەبێ دۆخی کراوەی ئێستای نێوان ئێران و تورکیا زیاتر پەرە بستێنێ

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی: لەماوەی ساڵانی ئەم دواییە ڕۆژلە دوای ڕۆژ پەیوەندییە بەرفراوانەکانی نێوان ئێران و تورکیا گەشەی زیاتر بە خۆیەوە بینیوە کە دەبێ ئەم ئاراستەیە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی دوو نەتەوەی دۆست و دراوسێ بەوپەڕی ھێزەوە بەردەوام بکرێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری نیھان زیبکچی وەزیری ئابووریی تورکیا لە تاران ، بە دەربڕینی ئەمەی کە ھەردوک وڵات خاڵی ھاوبەشی مێژوویی و ڕۆشنبیریی زۆریان پێکەوە ھەیە، گەشەو قوڵ بوونەوەی ڕۆژلەدوای ڕۆژی پەیوەندییە دوو قۆڵی و ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانی تاران و ئانکارای بە قازانجی ھەردووک نەتەوەو دامەزرانی ئاشتی و سەقام لە ناوچەکەو جیھاندا زانی.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ئێران و تورکیا ھێشتا بارستایی زۆریان ھەیە بۆ گەشەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی پەیوەندییەکانیان لە بواری سیاسی، ئابووری و ڕۆشنبیری دا، وتیشی: دیارە لە ئاراستەی گەشەی ھاوکاریی بازرگانی و ئابووری و چالاکیی کەرتی تایبەتی دوو وڵات ، ئاسانکاری و بەرز کردنەوەی زیاتری ئاستی پەیوەندیی بانکی ڕۆڵێکی کاراو گرینگ دەگێڕێت.

نیھان زیبکچی وەزیری ئابووریی تورکیاش کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پایەبەرزی ئابووری و بازرگانی سەردانی ئێرانی کردووە، لەم دیدارەدا وێڕای ئاماژە کردن بە کۆبوونەوەو دانوستانەکانی لە تاران دا پێی داگرت: تورکیا مکوڕە لە سەر ئەوەی کە لەمپەرەکانی سەر ڕێگای خێراکردنەوەی ڕەوتی بەھێزکردنی زیاتری پەیوەندییە ئابوورییەکانی دوو وڵات ھەڵگیرێت و ھەنگاوگەلێکی بەرز لە ئاراستەی پتەو بوونەوەی ھاوکارییە دوو قۆڵییەکان بنرێت.

نیھان زیبکچی وەزیری ئابووریی تورکیا وتیشی: تورکیا گرینگایەتییەکی تایبەتی بۆ گەشەی پەیوەندی و دامەزرانی ھاوکاریی ھەمەلایەنە لەگەڵ ئێران دادەنێت و بە دیاری کردنی نەخشەیەکی ڕێگا نیازی وایە ئاستی ھاوکارییەکانی لەگەڵ تاران دا زیاتر لە جاران بەرز کاتەوە.

سەرپەیڤ