نیسان 20, 2018 13:56 Asia/Tehran
  • نوێنەری ئێران: ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی نابێ کەڵکی ئامرازیانەی لێ وەرگیردرێ

نوێنەر و باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی (OPCW) بە ئاماژە بەوەی کە ئەم ناوەندە نابێ بکرێتە ئامرازێک بۆ ئامانجی سیاسیی هەندێ وڵات، وتی: تەنیا پاش بڵاو بوونەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەم ڕێکخراوەیە ، بوار دەڕەخسێ بۆ دادوەری کردن سەبارەت بە بەکارهێنرانی مادەی شیمیایی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "عەلیڕەزا جەهانگیری" ڕۆژی پێنجشەممە لە پەنجا و نۆهەمین کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی کارگێریی ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی (OPCW) لە ناوەندی ئەم ڕێکخراوەیدا لە لاهە، جەختی کرد لە سەر پێویستی جێبەجێ کرانی ئەرک و ئەستۆگرییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە وەکوو تەنیا ناوەندی شیاوی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دەکارهێنرانی مادەی شیمیایی لە ڕووداوە جۆربەجۆرەکاندا لەوان ڕووداوەکەی سالزبێریی بەریتانیا.

ئەم کۆبوونەوەیە بە ناوەڕۆکی ژاراوی بوونی دوو شاروومەندی ڕووسی بە مادەی شیمیایی لە شاری سالزبێری بەریتانیا و بە تەوەرەی هەنگاوە هەڵگیراوەکان لە لایەن ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی  و بە پێی داخوازی لەندەن بەڕێوە چوو.

جەهانگیری لەم کۆبوونەوەیەدا بە شی کردنەوەی هەڵوێستەکانی ئێران، جەختیشی کرد لە سەر پێویستیی چارەسەر کرانی کێشە و ناکۆکییەکان و نەهێشتنی خاڵە تەماوەییەکانی نێوان هەر دوولایەن لە ڕێگای وتووێژەوە و لە چوارچێوی مێکانیزمی نێو کۆنڤانسیۆنەکانی چەکی شیمیایی سەبارەت بە  دەکارهێنرانی مادەی شیمیایی.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کۆتاییدا تەنیا بە ئاراستە کردنی راپۆرتێکی ئاسایی و بە بێ دەسڕاگەیشتن بە هەرچەشنە بەڵگەیەکی کارگێری و یان بڕیارێکی بەرچاو کۆتایی بە کاری خۆی هێنا.

کاربەدەستانی لەندەن بانگەشە دەکەن کە "سێرگەیی سکریپاڵ" سیخوڕی دوولایەنەی ڕووس و کچەکەی لە سالزبێریی بەریتانیا  بە هۆی مادەی ژاراویی دەمارەوە کە لە ڕووسیا ساز کراوە، بە توندی زەبریان لێ کەتووە، بانگەشەیەک کە ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە.

 

سەرپەیڤ