نیسان 20, 2018 21:57 Asia/Tehran
  • پیرۆزبایی ساڵڕۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی ئەبولفەزلی عەباس (ع)

سبەینێ شەممە چوارەمی شەعبانی ساڵی 1439ی کۆچی ڕێککەوتە لەگەڵ بیست و یەکەمی ئاڤریلی ساڵی 2018، ساڵڕۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی ئەبولفەزلی عەباس (ع)ە.

چوارەمی شەعبانی ساڵی 26ی کۆچی ، حەزرەتی عەباس ناسراو بە (ئەبولفەزل، قەمەری بەنی هاشم ، عەلەمداری کەربەلا  و سەقا،) کوڕی حەزرەتی عەلی (ع) ئیمامی یەکەمی شیعەکانی جیهان لە شاری مەدینە  لەدایک بوو  . 

دایکی بەڕێزی ئەو حەزرەتە ئوممولبەنینی ناو بوو کە دوای کۆچی دوایی حەزرەتی فاتمەی زەهرا (س) بوو بە هاوسەری حەزرەتی عەلی (ع).

لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کەسایەتیەکی پلەبەرزداین کە لەدیرۆک دا ناوی لە تەک وەفاداری ولە خۆبردوویی دا ئاوێتە بووە. کەسێ کە خووخدە و سیرەتی جوامێرییەکەی وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لەئاسۆی مرۆڤایەتی دا ئەدرەوشێتەوە.

چوارەمین ڕۆژی مانگی شەعبان، متفەڕکە بە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی عەباس ئیبنی عەلی (ع). ئەو حەزرەتە بەهۆی خووخدەی جوان و خواپەسەندی ، نازناوی ئەبولفەزل، یانی خاوەنی فەزلی پێ دراوە.

سڵاو ودرود بۆ عەبباس ئیبنی عەلی (ع) ، ئەوحەزرەتە کە لە پێغەمبەران و چاکەکاران وپاکان پەیڕەوی دەکرد. سڵاو و درود بۆ گەورە پیاوێک کە لەپێناوی بووژاندنەوەی دین ساتێکیش کەمتەرخەمی نەنواند.

ڕۆژانی شەعبان بەتایبەت ساڵڕۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی ئەبولفەزل (ع) لەهەموو لایەک پیرۆزبێت.

حەزرەتی عەبباس بەهۆی ڕواڵەتی جوان و بەژن و باڵای بەرزی پێیان دەگوت مانگی بە نی هاشم، هەموان پەسنی تایبەتمەندییە بەرزەکانیان دەدایەوە و ئەم نازناوەیان بە شیاوی دەزانی.

حەزرەتی عەبباس لە ماڵێک دا لەدایک بوو کە مەکۆی زانست و حیکمەت بوو، ئەو بە درێژایی 14 ساڵ ژیانی لە خزمەت باوکی عەلی (ع) لە زانایی و ئیمان و کەمالی ئەو کەسایەتییە گەورەیە، بەهرەی فراوانی برد.

خاڵی زۆر گرینگ لە ژیانی حەزرەتی عەبباس دا، پێوەندی گەرم و گوڕ و پڕ هەست وسۆزی وی بە براکانی بە تایبەت ئیمام حسێن (ع)بوو.