نیسان 21, 2018 16:20 Asia/Tehran
  • رۆحانی : سیاسەتی نوێی دراڤیی دەرەکیی ئێران ، چەشنێک لەدەمدانی ئەمریکییەکان بوو

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە تاران لەهەمبەر هەرچەشنە بڕیارێکی ئەمریکییەکان لەمەڕ ڕێککەوتنی ناڤۆکی کێشەی نابێ ، وتی: سیاسەتی نوێی دراڤی دەرەکیی ئێران هەنگاوێکی پێشدەستانەو لەدەمدانێکی ئەمریکییەکان بوو.

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆڕی چوارشەممەی ڕابردووی خۆی بەسەرۆکایەتیی حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، یۆرۆی لەجێی دۆلاردا دانا بۆ ئەنجامدانی کاروباری دەرەوەیی.

حەسەن رۆحانی ئەمڕۆ شەممە لەدانیشتنی هاوئەندێشی بەڕێوەبەرانی باڵای حکومەت، بەئاماژە بەوەی کە لەمەڕ پرسی دراڤی دەرەکی، ئێران چەشنێک بەرچەکردار بوو بە کردەی شیمانەیی ئەمریکا بۆ چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە١٢ی مای ٢٠١٨، وتی: ئەمریکییەکان بەهیوا بوون بە کردەی خۆیان لە١٢ی مای، لەدژ گەلی ئێران هەنگاو هەڵبگرن و بازاڕی ناوخۆیی بشێوێنن بەڵام دەوڵەتی ئێران بەهەنگاونانی پێشدەستانە، خەڵکی ئاسوودە کرد.

رۆحانی وتیشی: " چ هەنگاوی هاوبەش هەبێت و چ نەبێت ، چ ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیدا بمێنێ چ نەمێنێ، بەم سیاسەتە نوێ دراڤییە کە جێ بەجێمان کردووە، هەموو پیلانەکانیان پووچەڵ دەبێتەوە."

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە تاران هەموو ئامادەکاریی و پێشەکیی پێویستی لەبەرچاوگرتووە بۆ هەرچەشنە بڕیارێکی ئەمریکییەکان لەبەرەوڕووبوونەوەی هەنگاوی هاوبەش، وتی: ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لەچەندمانگ لەمەوبەرەوە خۆی تەیارکردووە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەرجۆرە بارودۆخێک.

رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە ئەمڕۆ ئەمریکا تووشی سەرلێشێواویی بووە، وتی: "ئەمریکییەکان ئەمڕۆ گرفتاری پیاوێک بوون کە نازانن کاژێرێک دواتر دەیەوێ چ بکاو هەموو نیگاکان لە پەیجی توئیتەری ئەو سەرۆک کۆمارەیە هەتا بزانن دوێشەو چ خەونێکی دیتووەو بەیانی دەیەوێ چی بکات."

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە سەرۆک کۆماریی دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا یەک لە بابەتە سەیر و سەمەرەکان لەمێژووی هاوچەرخە، وتی: لەمێژووی ئەمریکا وەها دەسەڵاتدارییەک کەم وێنەیە کە ئەمڕۆ بووەتە مایەی نیگەرانیی خەڵکی ئەو وڵاتەو لەئاستێکی دیکەدا نیگەرانی خەڵکی جیهانی زۆر کردووە.

 

سەرپەیڤ