نیسان 26, 2018 07:47 Asia/Tehran
  • نەجەفی: یەکلایەنخوازیی ئەمریکا جێی مەترسیە بۆ پەیمانی ئێن پی تی

نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، وتی: وەفادارنەبوونی وڵاتانی خاوەن چەکی ناڤۆکی بەتایبەت ئەمریکا بە چەکداماڵینی ئەتۆمی، داهاتووی پەیمانی ئێن پی تی خستوەتە مەترسیەوە .

رەزا نەجەفی دوێنێ چوارشەممە لە دووهەم دانیشتنی کۆمیتەی پێشەکیی کۆبوونەوەی پێداچوونەوە بە پەیمانی قەدەغەی بەرهەم هێنان و پەرەی چەکە شیمیاییەکان(ئێن پی تی) لە ژنێڤ وتی: کێشەو گرفتی سەرەکی لەڕەوتی نەبوونی پێشکەوتن لەئامانجەکانی ئەو پەیمانە، بەتایبەت چەکداماڵینی ناڤۆکی، یەکلایەنخوازیی ئەمریکایە.

نەجەفی وتیشی: لەحاڵێکدا کە کەمتر لە دوو ساڵی دیکە ماوە هەتا جێ بەجێ کرانی پەیمانی ئێن پی تی بچێتەنێو پەنجا ساڵی تەمەنی، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی سیاسەت و بەرنامە چەکئامێرییەکان و درێژەی بوونی جبەخانە ناڤۆکییەکانی ژمارێک وڵاتی خاوەن چەکی ناڤۆکی بەتایبەت ئەمریکا، ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو پەیمانە پراکتیکی نەبووە.

نوێنەری ئێران لای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەروەها وتی: هەتا کاتێک کە سیاسەت و بەرنامە ناڤۆکییەکانی یەکلایەنخوازانەی ئەمریکا بەردەوام بکرێ، هیچ پێشکەوتنێک لەچەکداماڵینی ناڤۆکی ئەنجام ناگرێ.

نەجەفی هەروەها وێڕای پێداگریی لەسەر پێبەندبوونی پاوەجێی ئێران بە برانە پێشی ئامانجەکانی پەیمانی قەدەغەی بەرهەم هێنان و پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکان، وتی: بوونی بەرنامەی چەکی ناڤۆکیی رژیمی زایۆنیستی، گرینگترین هۆکاری ڕێگریی لەبەردەم هاتنەدی خۆرهەڵاتی ناڤۆکی پاک لە چەکی ناڤۆکییە.

نوێنەری ئێران لای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، چەکئامێری ناڤۆکیی رژیمی زایۆنی بەمەترسییەک بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەو جیهان ڕاگەیاند و وتی کە؛ ڕەچاوکرانی پێوەرو ستانداردە دوو فاقییەکانی ژمارێک وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی بەتایبەت ئەمریکا لە داکۆکی کردنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی رژیمی ئیسرائیل، سەرچاوەی ئەو مەترسی و هەڕەشانەیە.

دووهەم دانیشتنی کۆمیتەی پێشەکیی کۆبوونەوەی پێداچوونەوە بە پەیمانی قەدەغەی بەرهەم هێنان و پەرەی چەکە شیمیاییەکان(ئێن پی تی) بۆ تاووتوێی "ڕەوشی چەکداماڵینی ناڤۆکی"، "قەدەغەی پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکان" و"کەڵک وەرگرتنی ئاشتیانە لە وزەی ناڤۆکی" وەک سێ تەوەری سەرەکیی پەیمانی ئێن پی تی لە ژنێڤ لەحاڵی بەڕێوەچوون دایە.

سەرپەیڤ