نیسان 26, 2018 21:03 Asia/Tehran
  • وەلایەتی: ئێران ئامادە نییە پێملی ڕێککەوتنێک بێ کە بەزیانیەتی

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی وتی: هەوڵی ئوروپاییەکان بۆ ڕازی کردنی دۆناڵد ترەمپ بەکردەوە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بێ بایخ دەکاو ئێران ئامادە نییە ڕێککەوتنێک کە بەزیانیەتی، قەبووڵ بکات.

عەلی ئەکبەر وەلایەتی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەپەراوێزی بەڕێوەچوونی چلەمین جڤینی سەرانسەریی بەرپرسان و یاریدەرانی نووسینگەکانی دەزگەی نوێنەرایەتی مەقامی مەزنی ڕێبەری لە مەشهەد وتی: ئەگەر ئوروپاییەکان بیانەوێ لەلایەک پتەوبوونی ڕێککەوتنی ناڤۆکی ببەنە ژێر پرسیار و لەلایەکی دیکەوە، ئەو سزاو گەمارۆیانەی لە ڕێککەوتنەکەدا هەڵیانوەشاند بەبیانووی بەرگریی مووشەکیی یان ئامادەبوونی ڕەوای ناوچەیی ئێران سەرلەنوێ بیانسەپێنن، بەکردەوە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لاواز و کەم بایخ دەکەن.

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕش بۆ کاروباری نێودەوڵەتی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ڕێککەوتنی ناڤۆکی دەبێ هەر بەوجۆرەی نووسراوە، جێ بەجێ بکرێ دەنا، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بۆ تۆڵە سەندنەوە کراوەیە، وتی: ئەگەر ئوروپاییەکان بتوانن لەگەڵ ئەمریکییەکان ڕێککەون، و سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕازی بکەن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیدا بمێنێتەوە، ئەگەر ئەو مانەوە ببێتەمایەی مانەوەی گەمارۆکان بەناوێکی دیکە، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قەبووڵ ناکرێ.

وەلایەتی بەئاماژە بە پەیمان شکێنی ئەمریکییەکان لەمەڕ پرسی ڕێککەوتنی ناڤۆکی، وتی: بەبۆچوونی من، ئەمریکاو ئوروپا ڕێککەوتنی ژێربەژێریان کردووە ، واتە فەڕەنسییەکان دەڵێن ئێران نابێ بەرگریی مووشەکی هەبێت و بەریتانییەکانیش نەیاری ئامادەبوونی ڕەوای ناوچەیی ئێرانن.

سەرپەیڤ