نیسان 26, 2018 21:20 Asia/Tehran
  • موحسین ڕەزایی: ئەگەر بێتو ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بکشێتەوە، ئێرانیش لە ئێن پی تی دەکشێتەوە

سکرتێری کۆگەی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: ئەگەر بێتو ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بکشێتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە پەیمانی قەدەغەی پەرە پێ دانی چەک و چۆڵی ناڤۆکی (ئێن پی تی) دەکشێتەوە .

بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران،موحسین ڕەزایی سکرتێری کۆگەی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئیسلامیی ئێران ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە وەڵامی نوێنەرانی میدیاکانی بیانی لە تاران، بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەورووپا نابێ بەرژەوەندیی درێژ ماوەی خۆی بکاتە قوربانیی بەرژەوەندیی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، وتیشی: ئەورووپییەکان ناتوانن لەگەڵ ئەمریکییەکان لە بارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکییەوە یەک بگرن.

سکرتێری کۆگەی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئیسلامیی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئێران گەڵاڵەی ئەورووپییەکان لەمەڕ ڕەزامەند کردنی ترەمپ بۆ وازنەھێنان لە ھەنگاوی ھاوبەشی قەبووڵ نییە،وتیشی: ئەمریکا لە بارەی ھەنگاوی ھاوبەشەوە بە ئاراستەیەکی خراپ دا دەڕوات.

موحسین ڕەزایی سکرتێری کۆگەی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئیسلامیی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ترەمپ، ئەمریکای لە ڕووی پەیوەندیی نێونەتەوەییەوە بەرەودوا بردووەتەوە، وتیشی: بەرنگاریی ترەمپ لە ھەمبەر چەند دەنگی، ئەم وڵاتەی گەڕاندووەتەوە بۆ سەردەمی بەرلە شەڕی جیھانی و تووشی تەریک خرانەوەی کردووە.

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک بریتی لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە چووەتە واری جێبەجێ کرانەوە ، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی گرووپی پێنج کۆ یەک بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتنەدا تەگەرە دەنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی هەنگاوی هاوبەش، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی وەک ڕێککەوتنێکی ترسناک وەسفکردووەو داوای تێکدانی دەکات، کەچی دنیا نەیاری ئەو هەنگاوەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

 

 

سەرپەیڤ