May 09, 2018 12:53 Asia/Tehran
  • نەقەوی حسێنی : ئەمریکا بە چوونەدەر لە بەرجام ڕواڵەتی ڕاستەقینەی خۆی  نیشان دا

وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران وتی : ئەمریکا بە کشانەوە لەبەرجام ڕواڵەتی ڕاستەقینەی خۆی بە جیهان نیشان دا و سەلماندی ئەهلی مەنتق و وتووێژ نییە و پێبەندی هیچ ڕێککەوتنێکیش نامێنێتەوە.

سەروکی ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە بە ئیدیعای  بێ ئەنجام بوونی بەرنامەی  هەوڵی هاوبەشی ناڤۆکی  و تۆمەتە بێ بنەماکانیان بە دژی ئێران، فەرمانی کشانەوەی  وڵاتەکەی لەبەرجام مۆر کرد.

هەوڵی یەک لایەنەی ئەمریکا لەحاڵێکدایە کە  پێنج  وڵاتی دیکەی مۆرکەری  بەرنامەی هەوڵی هاوبەشی ناڤۆکی و زۆرێک لە وڵاتانی  جیهان  داکۆکی  خۆیان لەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ڕاگەیاند.

سەید حسێن نەقەوی حسێنی، شەوی چوارشەممە لە وتووێژ لەگەڵ ئیرنا، سەبارەت بە کردەوەی ترەمپ لەمەڕ  کشانەوە لەبەرجام  وتی : کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕەوشی نوێ بەرنامەیەکی تۆکمەوتەواوی ئامادەکردووە و ڕێککەوتنێکی باش لەنێوان سێ هێزەکە  کراوە.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی  ئاسایشی نەتەوەیی  مەجلیسی ئێران  وتیشی :  کۆمەڵگەی جیهانی لەم  بارودوخە  لە بڕیاری دوناڵد ترەمپ داکۆکی ناکات و ئەمریکا دەبێ بزانێ   هەوڵەکانی  ناکاریگەرن و ناتوانێ  یەکێتی گەلی ئێران بخەوشێنێ  و بە خواستی ناگات.

ڕێککەوتنی ناڤوکیی ئێران و تاقمی پێنج و یەک  ژووئیەی ساڵی 2015 مورکرا و ژانیڤەری ساڵی 2016  مۆرکرا بەڵام  دەوڵەتی ئەمریکا بە سەپاندنی بایکۆتی نوێ  ،  لەمپەر نانەوە و بێ بەڵێنی و بەڵێن شکێنی پەیتاپەیتا،  پێشی بە بەهرەمەند بوونی ئێران لە ئیمتیازەکانی هەوڵی هاوبەشی ناڤۆکی گرتبوو.

سەرپەیڤ