May 21, 2018 13:07 Asia/Tehran
  • وەزاڕەتی دەرەوەی ئێران تۆمەتی پشتگری لە تالیبان ڕەتدەکاتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران پێی داگرت: کەسانێک بەنیازن بە بوختان کردنی ناڕەوا، بیروڕای گشتیی ئەفغانستان لە بارەی ھۆکارە ڕاستەقینەکانی بەردەوامیی شەڕ لەم وڵاتەدا چەواشە بکەن.

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: دوابەدوای شاڵاوەکانی حەوتەی ڕابردووی تالیبان لە پارێزگای (فەراە)ی ئەفغانستان ، بەداخەوە کۆمەڵێک لەو وڵاتەدا دراوسێکانیان بە پشتگری کردن لە تالیبان تۆمەتبار کردووەو فەرماندەرانی ئەمریکیش کە دوای ساڵانێکی دوورودرێژ ئامادە بوونی سەربازیی بەربڵاو لە ئەفغانستان و ڕشتنی خوێنی ھەزاران کەس لە خەڵکی بێ دەرەتانی ئەم وڵاتە، پێیان نەکراوە ئاسایشت و سەقام لەو وڵاتەدا بچەسپێنن، ھەوڵ دەدەن بە تۆمەتبار کردنی ئێران بە پشتگری لە تالیبان ، بیروڕای گشتیی ئەفغانستان لە بارەی ھۆکارە ڕاستەقینەکانی بەردەوامیی شەڕ لەم وڵاتەدا چەواشە بکەن.

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران پێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیکەی چوار دەیەیە لە تەنیشتی دەوڵەت و گەلی  ئەفغانستاندا بۆ بەرەڤانی کردن لە سەروەری و سەربەخۆبوونیان ڕاوەستاوەو بێ گومان ئەو قسانەش کە بۆ پێ خۆشبوونی بیانییەکان و دەست درێژکاران دەکرێت لەگەڵ وەھا پەیوەندییەکی دۆستانەدا یەک ناگرێتەوە.

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران وتیشی: وتووێژەکانی ئێران و ئەفغانستان بۆ چارەسەریی کێشەی ئاو لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە بەردەوامەو گرێ دانی ئەم بابەتە بە پرسە نێوخۆییەکانی ئەفغانستان ھیچ بنەمایەکی دوست و ژیرانەی نییە.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران جارێکی تر بەکارھێنرانی توندوتیژی لە ئەفغانستانی شەرمەزار کرد.