May 24, 2018 08:01 Asia/Tehran
  • ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران : بێتوو ئوروپایەکان خۆیان بگنخێنن مافی ئێران بۆ دەسپێکردنەوەی چالاکیی ئەتۆمی پارێزراو دەبێ

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئێوارەی ڕۆژی چوارشەم لەمیانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارێک لە بەرپرسان و کاربەدەستانی حکومەتیدا وێڕای ئاماژە بە دوژمنایەتیی بنەڕەتی، قووڵ و بێ بڕانەوەی ئەمریکا دژبە بنەماو پرەنسیپەکانی کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێران جەختی کرد: بێتوو بەرپرسان ئەرک و ئەستۆگریەکانیان بەجێ بێنن، شکست هێنانی ئەمریکا لە پرسیی ئەمدوایەدا گومانی تێدا نابێ.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی جەختی کرد: چارەنووسی سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا باشتر لە چارەنووسی سەرۆک کۆمارانی پێشووتری ئەم وڵاتە لەوان بوش و ڕەیگان نابێ و هەر وەک ئەوان لە تارمایی مێژوو نوقم دەبێ.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕاشکاوانە رایگەیاند: سەرجەم هەڵس و  کوتەکانی ئەمریکا لە دەسپێکی دانوستانی ئەتۆمییەوە هەتا ئێستا، ئەو ئەزموونە گرینگە دەخاتە بەردەست کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێ لەگەڵ ئەمریکا ڕابێت، لەبەر ئەوەی کە ئەمریکا پێبەندی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی نییە.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک( ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین، ڕووسیا و ئەڵمان)ی بە بنپێکەری بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ڕێکخراوی نەتەوەکان زانی و فەرمووی: ئەورووپاییەکان دەبێ بڕیارنامەیەک دژ بە ئەمریکا ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش بکەن و دژ بەو کردەوەی ئەمریکا ناڕەزایەتی دەرببڕن.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە شەرت و مەرجی پێویست بۆ درێژەپێدانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش لەگەڵ ئەورووپاییەکان جەختی کرد: سەرانی سێ وەڵاتی ئەورووپایی دەبێ بەڵێنمەند بکرێن  و بەڵێن بدەن کە باسی مووشەک و دزەو  دەسەڵاتی ناوچەیی ئێران بە هیچ لەونێ ناهێننە ئاراوە.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی ستراتژیی قووڵ و بتەوی ئێرانی بە یەکێک لە فەکتەرەکانی بەهێز بوونی ئێران هێنایە ئەژمار و فەرمووی: دزە و دەسەڵاتی ئێران لە ناوچە و لایەنگریی گەلان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسراتژیی ئێمەیە و هیچ دەوڵەتێکی ئاوەزبنەما چاوپۆشی لەو فەکتەرە هێزبەخشە ناکات.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بەو گەرەنتییە پێویستیانەی کە ئەورووپاییەکان بۆ بەردەوام بوونی دانوستانی ئەتۆمی دەبێ بیکەن جەختی کرد: بێتوو ئەمریکا توانێ لە پرۆسەی نەوت فرۆشتنی ئێران تەگەرە بنێتەوە، ئەورووپاییەکان دەبێ کڕینی نەوت لە ئێران بە ڕادەی پێویستی ئێمە دەستەبەر بکەن؛ دەستەبەر کردنی بانکەکانی ئەورووپایی لەبەڕ وەرگرتن و یان دانی دراوی بازرگانی دەوڵەتی و نادەوڵەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو خاڵانەی دیکە بوو کە حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی لەم بوارەدا جەختی لە سەر کرد.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی  پێی داگرت: ئێران هیچ شەڕ و کێشەیەکی لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپایی نییە، بەڵکوو بە سەرنجدانی پێشینەی ئەورووپاییەکان، ئێمە متمانەمان بەوان نییە و هەر لەبەر ئەوەش ئەوان دەبێ گەرەنتی ڕاستینە بکەن.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەروەها فەرمووی: بێتوو ئەورووپاییەکان لە دابین کردنی داخوازەکانی ئێمە کەمتەرخەم بوون و ئەمڕۆ و سبەینێیان پێ کردین، مافی ئێران بۆ دەسپێ کردنەوەی چالاکییە داخراوە ئەتۆمییەکەی پارێزراو دەبێ.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی بانگی هەموو بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی کرد کە  ئامادەی دەسپێکردنەوەی شیمانەیی ئەو چەشنە چالاکییانە بن و فەرمووی: ئێستا پیتاندنی ٢٠% دەست پێ ناکەین بەڵام دەبێ ئامادە بن کە بێتوو پێویست بێ و بۆمان دەرکەوت کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی سوودێکی بۆمان نابێ، چالاکییە داخراوەکانمان لەبەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی سەر لە نوێ دەست پێ ببنەوە.

سەرپەیڤ