May 25, 2018 13:18 Asia/Tehran
  • ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران شی کردەوە : مەرجەکانی پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئەورووپایی

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لەمیانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی نیزامدا چۆنیەتی کاردانەوەی درووست بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پاش چوونەدەری ئەمریکای بە پرسێکی گرینگ زانی و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: دەبێ بەرامبەر بەم بابەتە ڕاستبینانە بجوڵێنەوە و دڵ بە ئەگەرو ڕەنگە خۆش نەکەین.

حەزرەتی ئایەتووڵلا خامەنەیی ئێوارەی چوارشەممە لە دیداری سەرانی سێ دەزگە و ژمارێک لە بەرپرسان و کاربەدەستانی نیزام چەن خاڵێکی گرینگی سەبارەت بە بەردەوام کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە بێ ئەمریکا شی کردەوە کە گرینگترینیان ، ئاراستە کرانی گەرەنتیی ڕاستینە لە لایەن وڵاتانی ئەورووپاییەوە بۆ دابین کرانی قازانج و بەرژەوەندیی ئابووریی ئێران وێڕای تەگەرەنانەوەی ئەمریکا و هەروەها خۆدوورگرتنیان لە دوو فەکتەری دەسەڵاتبەخش واتە "بەرنامەی مووشەکی" و " دزە و دەسەڵاتی ناوچەیی" ئێرانە.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئەورووپاییەکان دەبێ کەمتەرخەمیی بەرامبەر بە بنپێکرانی بەردەوامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە لایەن ئەمریکاوە بە ئاراستە کردنی بڕیارنامەیەک بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان قەرەبوو بکەنەوە، راشکاوانە فەرمووی: سەرانی سێ وڵاتی ئەورووپایی دەبێ بەڵێنمەد ببن بەرامبەر بەوەی کە هەرگیز باسی دوو پرسی مووشەکی و دەسەڵاتی ناوچەیی ئێران نەهێننە ئاراوە." جگە لەو دوو خاڵە گرینگە، "دەسەتبەر کردنی کڕینی نەوتی ئێران" ، "گەرەنتیی بانکە ئەورووپاییەکان سەبارەت بە وەرگرتن و دانی دراوی بازرگانیی دەوڵەتی و نادەوڵەتی لەگەڵ ئێران"  و "بەرپەرچ درانەوەی ڕاشکاوانەی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران لە لایەن ئەورووپاوە"، ئەو سێ خاڵە گرینگەی دیکە بوو کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وەکوو شەرت و مەرجەکانی بەردەوام بوون و مانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئەورووپایی ئاماژەی پێ کرد.

خاڵە گرینگەکانی جێی ئاماژەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران نەخشەی ڕێگای دەوڵەتی ئێران بۆ ڕاوێژکاریی چڕ و پڕ لەگەڵ پێنج وڵاتی ئێستای لایەنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەتایبەت سێ وڵاتی ئەورووپایی واتە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانە تا لە کورتماوەدا ئێران بگاتە ئەو دڵنیاییە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی بە بێ ئەمریکا بۆ گەلی ئێران سوود و قازانجی هەیە یان نییەتی. هەستیار بوون و گرینگایەتی پێدانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە دەس خستنی گەرەنتیی پێویست لە لایەن ئەورووپاییەکانەوە پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لەبەر ئەوەیە کە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا متمانەیەک بەدی ناکرێ و هەروەها ئەورووپایش لە بواری هەڵس و کەوتی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە مەسەلەی ئەتۆمی پێشینەیەکی زۆر درەوشاوەی نییە.

ئەورووپاییەکان تەنانەت پاش ڕێککەوتنی ئەتۆمییش بەرامبەر بە بنپێکرانی بەردەوامی ئەم ڕێککەوتنە لە لایەن ئەمریکاوە هەڵوێستێکی لێبراوانەیان نەنواند و وڵاتێکی وەک بەریتانیا لەهەمبەر فرۆشرانی کێکی زەرد بە ئێران تەگەرەی نایەوە. لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانە ئەتۆمییەکانیشدا فەرەنسایش دەوری پۆلیسە خراپەکەی گێڕا. ئێستاش ڕاگەیەندرانی پچڕانی پێوەندیی ژمارێک کۆمپانیای زەبەلاحی ئەورووپایی لەوان تۆتاڵی فەرەنسا لەگەل ئێران و زاڵ بوونی سیاسەتی شک و گومان بە ڕاگەیەندرانی بایکۆتە نوێکانی ئەمریکا، هەستیاریی ئێران بەرامبەر بە  ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئەوروپایی دووهێندە کردووە. لە بواری سیاسی و مێژووییشەوە ئەورووپا لە زەوینی ئەمریکادا کایەی کردووە و ئەو مەسەلە لە وتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا بە جوانی شی کرایەوە و ئابووری ئێران بە واتای مەقامی مەزنی ڕێبەری بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەورووپایی ناچێتە پێشەوە.

"ئیبراهیم موتەقی" کارناسی پرسە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەسراوە بوونی مێژوویی ئەورووپا بە ئەمریکا بڕوای وایە: ئەورووپا لە بواری کاردانەوەی داڕشتییەوە واتە لە سیاسەتی راگەیەندراویدا ، هەڵوێستی خۆی هەیە بەڵام بە کردەوە، ئەورووپا بە هیچ لەونێ ناتوانێ  و نایهەوێ بەرامبەر بە ئەمریکا ڕاوەستێ و هەڵوێستێکی جیاواز بگرێتە بەر."

سیاسەتی ڕاگەیەندراوی ئەورووپاییەکان پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە بەم شێاوازی ئێستا بووە بەڵام هاوکات کۆمپانییە ئەورووپاییەکان لەبەر ترسیان لە ئەمریکا بە شک و گومانەوە چاو لە هاوکاری لەگەڵ ئێران دەکەن. ئەم مەسەلە بەو شەرت و مەرجە دوازدانەی کە "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران ڕایگەیاندووە . شک و گومانی ئەورووپاییەکانی دووهێندە کردووە.

ئەم شک و گومانە بە ئاشکرا لە هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەڵمان پاش راوێژ لەگەڵ "جان بۆڵتۆن" راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیەندراوە. "هایکۆ ماس" وەزیری دەرەوەی ئەڵمان ڕۆژی چوارشەممە پاش دیداری لەگەڵ "جان بۆڵتۆن" و "مایک پۆمپێئۆ" لە واشینگتۆن رایگەیاند:" ئەورووپا و ئەمریکا دوو ڕێگای جیاوازیان گرتۆتە بەر و زۆر دوورن لە تەبایی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی".

بە سەرنج دانی ڕاستییەکانی ئێستای سیستەمی نێودەوڵەتی کە هێزو  دەسەڵات بنەمای دەورگێڕانە و متمانە لە وەها سیستەمێکدا بە شاندەری بیرۆکەی ڕیالیستی، فەکتەرێکی جێمتمانە بۆ پێوەندیی و راهاتن نییە، ئێران بە ڕوانگەیەکی راستبینانەتر هەڵس و کەوتی ئەورووپاییەکان دوابەدوای چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ئەتۆمیی خستۆتە ژێر چاوەدێرییەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا؛ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران جەختی کرد: بێتوو ئەورووپاییەکان لە دابین کردنی داخوازەکانی ئێمە کەمتەرخەم بوون و ئەمڕۆ و سبەیان کرد، مافی ئێران بۆ دەسپێکردنەوەی چالاکییە داخراوە ئەتۆمییەکانی پارێزراو دەبێ."

 

 

سەرپەیڤ