زەریف: ئەورووپاییەکان دەبێ لە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیدا هەنگاوی کردەیی تر هەڵگرن
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی : ڕەوتی جێبەجێ کردنی یاسای پێش پێ گیرانەی یەکێتیی ئەورووپا دەستپێکراوە و ئەورووپاییەکان دەبێ لەبەرجام دا هەنگاوی کردەیی تر هەڵگرن .
محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە لە وتووێژ لەگەڵ یانەی پەیامنێرانی لاو، سەبارەت بە دەستەبەری ئەورووپا لەمەڕ دابین کردنی بەرژەوەندیی ئێران لەبەرجام وتی : دوای کۆبوونەوەی ئێران و یەکێتیی ئەورووپا، ئەوەی تائێستا ڕووی داوە ڕاگەیەندراوی سیاسی و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئەورووپا بووە کە لەم بارەوە بڕیار دراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، وتیشی: ئێران بۆ جێبەجێ بوونی نۆ خاڵێک کە فێدێریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەکەی دا ئاماژەی پێ کردبوو، خەریکی وتووێژە .
کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام دوێنێ هەینی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران، بەریتانیا، ئاڵمان، فەرەنسا، چین و رووسیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئەورووپا، لە ڤیەنا بەڕێوە چوو.
ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە، درێژەی ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی ئێرانە بێ هەبوونی ئەمریکا کە بەرژەوەندیی ئابووریی تاران لەلایەن لایەنەکانی دیکەی بەرجام دەستەبەر بکرێت و بایکۆتەکانی ئەمریکا پێش بە سات و سەودای ئابووری ئێران نەگرێت .
دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سێ شەممە هەشتەمی مەی بە دووپات کردنەوەی تۆمەتی بێ بنەما بە دژی ئێران ، کشانەوەی واشینگتۆن لە بەرجام و گەڕانەوەی بایکۆتی ناڤۆکی لەماوەی سێ تا شەش مانگی داهاتووی ڕاگەیاند.
ئەم کارەی ترەمپ لە ناوخۆ و دەرەوە ئیدانە کرا.
بەریتانیا، فەرەنسا،ڕووسیا، چین، ئاڵمان و یەکێتیی ئەورووپا وەک لایەنەکانی بەرجام ڕایانگەیاندووە لەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە داکۆکی دەکەن .