حوزه‌یران 07, 2018 14:07 Asia/Tehran
  • دەسپێ بوونی کۆبوونەوەی کارناسانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕیککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە تاران

کۆبوونەوەی کارناسانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕیککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بە ئامادەبوونی لێژنەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندەکانی وڵاتانی ١+٤ (ئەڵمان، ڕووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا و چین) لە تاران دەست پێبوو.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا؛ بۆ یەکەم جار پاش ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک ناسراو بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، کۆبوونەوەی کارناسانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕیککەوتنی ئەتۆمی لە ئێراندا بەڕێوە دەچێ.

دوایین کۆبوونەوەی کارناسیی ئێران و گرووپی ١+٤ دوو هەفتەی ڕابردوو و پێش کۆبوونەوەی جێگرانی وەزیری دەرەوەی ئێران و گرووپی ١+٤ لە ڤییەنا بەڕێوە چوو.

ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە، بەردەوام بوون و پارێزراو مانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بە بێ ئەمریکایە بەو مەرجەی قازانج و بەرژوەندیی ئابووریی تاران لە لایەن لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە پارێزراو بێ.

بڕیارە بە سەرنج دانی بڕیاری کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و داخوازیی ئێران لەمەڕ پێویستی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە، لەم کۆبوونەوەیەدا کاتێک دیاری بکرێ بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و وڵاتانی ١+٤.

پاش بڕیاری "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە هەشتەمی مانگی مەی سەبارەت بە چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە دووپات کردنەوەی تۆمەتە بێ بنەماکانی دژ بە ئێران و ڕاگەیەندرانی گەڕانەوەی بایکۆتە ئەتۆمییەکان لە ماوەی سێ تا شەش مانگی داهاتوو، دانوستانەکانی وڵاتانی ئەورووپایی لەگەڵ ئێران بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەست پێبوو.

لەم ئاراستەیەدا وەزیرانی دەرەوە و دارایی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمان بە ناردنی نامە بۆ ئەمریکا جەختیان کردووە لە سەر بەڵێنمەندیی وڵاتەکەیان لەمەڕ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.

لەم نامە هاوبەشەدا کە لە لایەن " فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپایش واژۆ و مۆر کراوە، وەزیرانی ئەورووپایی داوایان لە دەوڵەتی ئەمریکا کردووە ئەو کۆمپانییە ئەورووپاییانەی لە بازنەی بایکۆتەکانی بێنێتە دەرەوە کە پاش جێبەجێ کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران دەستیان کردۆتە سەرمایەنانەوە لە ئێراندا.

سەرپەیڤ