حوزه‌یران 07, 2018 20:14 Asia/Tehran
  • زەریف: ئەندامانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێ هیچ شەرت و مەرجێک، خەسار و زیانێک کە لەئێران کەوتووە، قەرەبوو بکەنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەگەر بڕیاربێ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوام بکرێ، ئەندامانی ئێستای ڕێککەوتنەکەو گشت هاوبەشە بازرگانییەکان دەبێ ئەو دڵنیاییە بدەن کە ئەو خەسارەی لەبەر چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەئێران کەوتووە، بێ هیچ شەرت و مەرجێک لەڕێی هەوڵی نیشتمانی، ناوچەیی و جیهانی قەرەبوو بکرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ پێنج شەممەی ناوەندی دیپلۆماسیی میدیایی وەزارەتی دەرەوە، مەحەممەد جەواد زەریف لەنامەیەک دا ڕوو لەوەزیرانی دەرەوەی ژمارێک وڵات، وتی: پاش چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە هەشتی مای٢٠١٨، "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆویستانە، داوای لەئێران و وڵاتانی دیکەی جیهان کرد پێملی ئەو وڵاتە بن لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی.

زەریف بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکا نەک بەڵێنییەکانی بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشێل کرد بەڵکوو پێبەندنەبوونی بە بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکانیشی کە بەکۆی دەنگ پەسەندکرا ئاشکرا کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها پێی داگرت: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەوڵ دەدا لەیاساشکێنی و سەرەڕۆیی دەوڵەتەکەی قازانجیش بکا و بەئاشکرا هەڕەشە لە جیهان دەکا کە هەر وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ ئێران نەوەستێنێ، سزا دەدرێ.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران وتی: بەڕاست گاڵتەجاڕانەیە کە بەرپرسێکی باڵای وڵاتێک کە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤینی بەسەیروسەمەرەترین شێواز، لانیکەم لە ساڵی٢٠٠٣ـەوە، تووشی ناجێگیریی و بێ سەقامی کردووە، ئێستا ئێران تۆمەتبار بە شەڕخوازی دەکا، ئەوە لەکاتێکدایە کە ئێران خۆی ڕاستەوخۆ قوربانیی ئامادەبوونی دەسدرێژکارانەی ئەمریکا لەناوچەیە، بۆ وێنە کاتێک کە پاپۆڕی ئەمریکی"وینسنس" فرۆکەی موسافیرهەڵگری٦٥٥ی ئێرانی لە سێهەمی ژوولای١٩٨٨ کردەئامانج و هەموو ٢٩٠ سەرنشینەکەی گیانیان لەدەست دا.

زەریف هەروەها پێی داگرت: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەبێ لەوبارەشەوە شیکردنەوەی بێ کە کامە وڵات چەندجار هەوڵی دا، لەسووریا هێزێکی میلیشا دروست بکا هەتا لەدژ حکومەتی سووریا شەڕبکاو ئێستا ئەمریکا لەکام گرووپی میلیشیا لە سووریا داکۆکی دەکاو سوپای کام وڵاتی بیانی ئێستا بەشی مەزنی خاکی ئەو وڵاتەی بەپێچەوانەی ویست و ئیرادەی جەماوەر و حکومەتەکەی داگیرکردووە.

سەرپەیڤ