حوزه‌یران 14, 2018 12:07 Asia/Tehran
  • زەریف: کەنەدا بۆچوونێکی نادرووستی سەبارەت بە ئێران هەیە

وەزیری دەرەوی ئێران لە کاردانەوە بە گەڵاڵەی پەسەن کراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی کەنەدا دژ بە ئێران وتی؛ بە داخەوە لە کەنەدا بیر و بۆچوونی نادرووست و بێ بنەما سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئارادا بووە و ئێستایش هەر وایە.

ئەنجومەنی نوێنەرانی کەنەدا ڕۆژی سێشەممە بە پەسەن کردنی گەڵاڵەیەک ، درێژە پێدانی هەرچەشنە وتووێژ و دانوستان بۆ دامەزرانەوەی پێوەندیی سیاسی لەگەڵ ئێرانی لە دەوڵەتی ئەم وڵاتە قەدەغە کرد.

"محەممەد جەواد زەریف" شەوی پێنجشەممە لە کۆڕی هەواڵنێراندا لە فڕۆکەخانەی پرۆتۆریا لە ئەفریقای باشوور ڕاشکاوانە رایگەیاند: وێڕای ئەوەی کە دەوڵەتی کەنەدا گۆڕدراوە و ئەم دەوڵەتە بە ڕوانگە و بۆچوونێکی دیکەوە هاتۆتە مەیدانەوە، بەڵام گوشاری سیاسیی توندڕەوەکان هەر بەردەوامە.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئەم سیاسەتانە بە زیانی کەنەدا دەبێ و لە چوارچێوی پاراستنی ئاشیی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا نییە، جەختی کرد: وڵاتانی ڕۆژاوایی دەبێ سیاسەتێکی سەربەخۆیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێ.

زەریف وتیشی: هاوپەیمانانی وڵاتانی ڕۆژاوایی هەڵەگەلێکیان لە ناوچەکە ئەنجام داوە و جەنایەتگەلێکیان کردووە بەڵام لەو جەنایەتانە چاوپۆشی دەکەن و بێدەنگە دەکەن و کۆماری ئیسلامیی ئێران بێهۆ تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجام دانی ئەو جەنایەتانەی کە هاوپەیمانانی خۆیان کردوویانە.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام لە هێڵی پێشەوەی خەباتی دژ بە تیرۆریزم بووە، راشیگەیاند: ئەگەر هەوڵ و داکۆکییەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبوایە، ئێستا بارودۆخی ڕۆژاوای ئاسیا بە لەونێکی دیکە بوو.

وەزیری دەرەوەی ئێران هیوای خواست: وڵاتانی ڕۆژاوایی کەمتر وەبن کاریگەریی کەشنانەوە بکەون و خۆیشیان تێکەڵ بەو کەش و کەشنانەوە نەکەن.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەفریقای باشوور، شەوی پێنجشەممە پروتوریای بەرەو تاران بەجێ هێشت.

سەرپەیڤ