حوزه‌یران 15, 2018 03:21 Asia/Tehran
  • ئێران قەت بۆ داگیرکردنی باکووری عێراق لەگەڵ تورکیا ڕێک نەکەوتووە

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران :بۆ هێرش کردنەسەر پەکەکە، هەتا ئێستاش هیچ ڕێکەوتنێکمان لەگەڵ تورکیا نەکردووە.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: ئێران بە بیانووی شەڕی تیرۆر بە بێ مۆڵەت وەرگرتن ناچێتە خاکی هیچ وڵاتێکەوەو هەتا ئێستاش هیچ ڕێکەوتنێکمان نییە لەگەڵ تورکیادا بۆ هێرش کردنەسەر پەکەکە".

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر، سەرداری سەرتیپی پاسدار ئەبووفەزل شکارچی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە وتەکانی چەند رۆژی ڕابردووی وەزیری بەرگریی تورکیا و جەختی کرد: ئێران هەرجۆرە داواکارییەکی شەڕی دژی تیرۆریست و بەتایبەت لەشکرکێشان بۆ وڵاتێکی دراوسێ بە بێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەوڵەتی ناوەندیی ئەو وڵاتە بە کارێکی نالۆژیکانەو نایاسایی دەزانێ و ڕێگەش نادات هیچ وڵاتێک لە خاکی ئێرانەوە هیچ جۆرە هێرشێک بۆ سەر وڵاتێکی دراوسێ ئەنجام بدات تەنانەت ئەگەر شەڕی دژی تیرۆریش بێت.

سەردار ئەبووفەزل شکارچی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا زۆرترین جار ڕووبەرووی شەڕی تیرۆر بووەتەوە، بەڵام قەت بە دروستی نازانێت خاکی وڵاتی دراوسێ بەکاربهێنێت بە بیانووی شەڕی تیرۆر.

 لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا نوورەدین جانکیلی وەزیری بەرگریی تورکیا بانگەشەی ئەوەی کرد بوو کە گوایە  ڕەزامەندىی هەریەک لە عێراق و ئێرانیان وەرگرتووە بۆ هێرش کردنە سەر پەکەکە لە چیاکانى قەندیل لە هەرێمى کوردستانی عێراقەوە.

ئەمەش لە حاڵێکدایە کە جیا لە کاردانەوە پیشاندانی ئێران و بەدرۆ خستنەوەی ئەو بانگەشە بێ ناوەڕۆکەی کاربەدەستانی تورکیا

ھەر لەم ماوەیەدا وته‌بێژی فه‌رمیی سه‌رکردایه‌تی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی عێراقیش داوای له ‌تورکیا کرد سه‌روه‌ریی خاکی عێراق بپارێزێت و هێرشەکانیان بۆ سەر قەندیل و شنگال ڕابگرێت.

عەمید یەحیا زوبەیدی وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتی: "هیوادارین لایەنی تورکی ڕێز لە سەروەریی عێراق و خاکی عێراق بگرێت، خاکی عێراق و سەروەریەکەی لەلایەن هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزە سەربازییەکانی عێراقەوە دەپارێزرێت و  ئێمە نامانەوێت خاکی عێراق بۆ کاری تیرۆریستی لە دژی وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "داوا لە تورکیا دەکەین سەروەریی خاکی عێراق بپارێزێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی ئێمە لە شەنگالن و پێشمەرگەش کە بەشێکن لە سیستمی بەرگریی عێراق لە قەندیل نزیکن و کاری هەموو ئەم هێزانە پاراستنی سەروەریی عێراق و هەموو نەتەوە جیاوازەکانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نین خاکی عێراق بۆ هێرش کردنی سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنرێت، ھەڵبەت گومان لەوەدا نییە کە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی هەروڵاتێک لەناو خاکی عێراق چاوەڕێی فەرمانی سەرکردەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقین و لە سەرھەستین .

 

سەرپەیڤ