حوزه‌یران 21, 2018 16:54 Asia/Tehran
  • ئیشمید: بەم زوانە ١٠٠ کۆمپانیا دانوستان لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەست پێ دەکەن

"هێلگا ئیشمید" جێگری ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا جەختی کرد: ئەورووپا لێبڕاوانەتر لە جاران هەوڵ دەدات بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و لەم پێناوەشدا سوورە لە سەر دانانی مێکانیزمێکی تایبەت بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی.

"هێلگا شمید" ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری "عەلی ئەکبەر ساڵحی" سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە ئۆسلۆ، بە ئاماژە بە دەسپێشخەریی دیالۆگی سیاسیی پیشەسازییەکان کە دانوستانی بازرگانیی کۆمپانیە چکۆلە و مام ناوەندییەکان لە ئاستی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران دەگرێتەوە، وتی: بڕیارە بەم زوانە ١٠٠ کۆمپانیا دانوستانی خۆیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەست پێ بکەن.

جێگری "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا راشکاوانە رایگەیاند: بە سەرنج دانی ئەوەی کە زیاتر لە ٦٠%ی پیشەسازیی ئەورووپا لەم ئاستەدا چالاکی دەکەن، چاوەڕێ دەکرێ چوارچێوێکی شیاو بۆ هاوکاری بە داکۆکی و بەشداریی ڕاستەوخۆی یەکێتیی ئەورووپا بێتە ئاراوە.

جێگری ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە مێکانزمێکی دراوی و بانکی پێویستیش ، دوایین باروودۆخی ئێستای سیستەمی گواستنەوەی دراوی شی کردەوە و راشیگەیاند کە یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنمەندە بەرامبەر بە دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی شیاو بۆ دامەزراندنی پێوەندیی بازرگانی و دراوی لەگەڵ ئێران.

"عەلی ئەکبەر ساڵحی" سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانیش لەو دیدارەدا وتی: ئێران بۆ ئەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بمێنێتەوە پێویستی بە دابین کردنی چاوەڕوانییەکان و پێدوایستییەکانی و هەڵگیرانی بە کردەوە و هەمیشەیی بایکۆتە زاڵمانەکانیەتی و پێبەند مانەوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی هاوکات لەگەڵ بەردەوام بوونی بایکۆتەکان بە هیچ لەونێ لای کۆماری ئیسلامیی ئێران گونجاو نییە.

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەوروپا تا ئێستا هەنگاوی باشی لە پێناو پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵگرتووە بەڵام لە باروودۆخی هەنووکەدا دەبێ لەسەر ئەنجامە بەکردەوەکانی ئەو سیاسەتانەی کە یەکێتیی ئەورووپا ڕایدەگەیەنێ،چڕ بێتەوە.

"عەلی ئەکبەر ساڵحی" سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی "ئۆسلۆ فرۆم" سەردانی نەرویژی کردووە.

سەرپەیڤ