حوزه‌یران 25, 2018 16:19 Asia/Tehran
  • وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ڕێککەوتنی ئەتۆمی(برجام) هەروا پاوەجێیە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: سەرباری چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە هەروا پاوەجێیەو دانوستان لەبارەی چۆنیەتیی هاوکارییەکان بەردەوامە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمرۆ دووشەممە لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی لەبارەی بڕێک لێدوان لەمەڕ شپرزەو ئاڵۆزبوونی دۆخی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێی داگرت: ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەهەلومەرجی پاوەجێی خۆی دایە.

قاسمی وتیشی: دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەکشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەتیوانی بچێتەژێرباری بەڵێنیەکانی حکومەتی ئەمریکا لەچوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە و ناچار بوو پەیمان بشکێنێ.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران لەوەڵامدانەوە بە پرسیاری پەیامنێری بەشی دەرەوە سنووریی رادیۆ وتەلەفزیۆن لەبارەی ڕاوێژکارییەکانی ڕووسیاو عەرەبستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت لە دانیشتنی ئەم دواییەی ئۆپێک و دەوری یاریدەری وەزیری دەرەوە لەکاروباری ئابووری لەدیمانەو وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسی وتی: ئەگەرچی ئۆپێک و بابەتەکانی هاوپێوەند بە نەوت گرێدراوی وەزارەتی نەوتە کە هەردەم ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی بەباشی ئەنجام داوە، بەڵام ئەگەر پێویست بکا وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ ڕووسیا لەبارەی چوونەسەری ئاستی بەرهەم هێنانی نەوتی ئۆپێک وتووێژ دەکات.

قاسمی لەبارەی درێژەی قەیران لەیەمەنیش بەئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەردەم دەسدرێژکاریی عەرەبستان بۆسەر ئەو وڵاتەی شەرمەزار کردووە، وتی: یەمەن ، بەرەوڕووی قەیرانێکی مرۆیی بووەتەوە، کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی ئوروپایی بۆ ڕاگرتنی ئەو قەیرانە دەبێ خێرا هەنگاوی شیاو هەڵبگرن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی داگرت: ئێران هەوڵ دەدا بەدامەزراندنی پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە، دەنگی ستەملێکراویی خەڵکی یەمەن بەگوێی جیهان بگەیێنێ هەتا ڕەوتی ناردنی یارمەتیی مرۆیانە بۆ جەماوەری ئەو وڵاتە مومکین ببێت.

قاسمی هەروەها لەبارەی سکاڵای ئێران بۆ دادگەی لاهە لەبەر دەسبەسەرداگیرانی دووملیارد دۆلار لەداراییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە وتی: بڕیارە لە هەشتەم ونۆیەمی ئۆکتۆبر دادگەی ئەو سکاڵایە بەڕێوە بچێ.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران لەبارەی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکاو ئوروپاو نزیکبوونەوەی ئوروپا لەئێرانیش وتی: پەیمانە ناوچەییەکان ئامانجەکانیان پێوشوێن دەگرن و هاریکاری وتەعامولاتی وڵاتان بەگوێرەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئامادە دەکرێ بۆیە نابێ ئەو بابەتانە تێکەڵ بەیەکتری بکرێ، لەبارودۆخی ئێستادا ناکرێ لەبارەی پەیوەندیی ئوروپا لەگەڵ ئەمریکاو یان نزیکبوونەوەی لە ئێران، شرۆڤەو شیکاریی ئەنجام بدرێ.

قاسمی لەبارەی پاکێجی پێشنیارکراوی ئوروپا بەئێران و دەوری چین و ڕووسیا لەخستنەڕووی ئەو پاکێجە پێشنیارکراوە، وتی: پاش چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ، چەندین دانوستان و دانیشتن کرا لەنێوان ئوروپاو ڕووسیاو چین بۆ درێژەپێدانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پاکێجە پێشنیارکراوەکەش دەبێ لەلایەن ئوروپا، چین و ڕووسیاوە پەسەند بکرێ.

 

سەرپەیڤ