حوزه‌یران 26, 2018 09:19 Asia/Tehran
  • وتووێژی تەلەفوونیی لاڤرۆف و زەریف: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران تەوەرەی وتووێژەکان

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە باسی وتووێژی تەلەفوونی نێوان سێرگەیی لاڤرۆفی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە و "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێرانی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "لاڤرۆف و زەریف" لەم وتووێژە تەلەفوونییەدا سەبارەت بە باروودۆخی ئیستای ڕێککەوتنی ئەتۆمی بیر و ڕایان گۆڕییەوە.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک )ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، فەرمانی چوونەدەری وڵاتەکەی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی دەرکرد. ترەمپ راشیگەیاند کە هەموو بایکۆتە هەڵگیراوەکان لە ماوەی سێ تا شەش مانگ سەر لە نوێ دادەسپێنرێتەوە بە سەر ئێراندا.

ئەو بڕیارەی ترەمپ بەرەو ڕووی نەیارەتیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەت هاوپەیمانانی ئەورووپایی ئەمریکا بوویەوە.

بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵات هەروەها سەبارەت بە هەنگاوە بەراییەکانی کۆبوونەوەی وڵاتانی قەراخ ئاوی دەریای خەزەر بیر و ڕایان گۆڕییەوە.
پێنجەمین کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی قەراخ ئاوی خەزەر بۆ دیاری کردنی مێکانیزمی مافەوانیی ئەم دەریاییە مانگی ئاگوست لە بەندەری "ئاکتائۆ" Aktau ی کازاخستان بەڕێوە چوو.

سەرپەیڤ