ته‌مووز 16, 2018 16:11 Asia/Tehran
  • ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی: سیاسەتی شەیتانیی ئەمریکا لەبارەی فەلەستین قەت نایەتەدی

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە لەدیداری کاربەدەستانی حەج، پێی داگرت: سیاسەتی شەیتانیی ئەمریکا لەبارەی فەلەستین قەت نایەتەدی.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ئاماژەی کردە چڕبوونەوەی دوژمنان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی موسڵمانان بەتایبەت لەمەڕ پرسی فەلەستین و یەمەن، و فەرمووی: ئێستا ئەمریکییەکان، سیاسەتە شەیتانییەکەیان لەبارەی فەلەستینیان ناوناوەتە "مامەڵەی سەدە" بەڵام ئاگادار بن وبزانن کە لەسای لوتف و فەزڵی خودایی، ئەو مامەڵەی سەدەیە قەت نایەتەدی و بەکوێریی چاوی کاربەدەستانی ئەمریکی، پرسی فەلەستین لەبیرناکرێ و قودس وەک پایتەختی فەلەستین دەمێنێتەوە.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە گەلی فەلەستین لەهەمبەر ئەو پیلانەدا ڕادەوەستێ و گەلانی موسڵمانیش پاڵپشتی خەڵکی فەلەستین دەبن، فەرمووی: هەڵبەت ژمارێک حکومەتی ئیسلامی کە هیچ هۆگرییەکیشیان بە ئیسلام نییە، لەبەر گەمژەیی و نەزانی و تەماحکارییە دونیاییەکان بوونەتە بەڵاگەردانی ئەمریکییەکان بەڵام بەیارمەتی خودا، ئۆممەتی ئیسلامی و گەلی فەلەستین بەسەر دوژمنانیان سەردەکەون و شایەتی ئەو رۆژە دەبن کە رژیمی ساختەی زایۆنیستی لەسەرزەوینی فەلەستین بسڕدرێتەوەو بنبڕ بکرێ.

بەڕێزیان هەروەها بەئاماژە بە کارەساتی "مسجد الحرام" وکارەساتی مینا لەساڵی٢٠١٥، ئەو ڕووداوەی بە ستەمێکی مەزن نرخاند و بەپێداگری لەسەر پێویستی پێوشوێن گرتنی بەردەوام و جیددی بۆ مسۆگەرکرانی ماف، فەرمووی: ئەو داواکارییە قەت نابێ لەبیربکرێ چونکە لەو دوو کارەساتە، دابین کرانی هێمنایەتی و ئاسایشی حاجیان کە گرینگترین ئەرکی حکومەتی عەرەبستانە لەبەرچاو نەگیراو خوێنبایی و دییەی کوژراوانیش نەدرا.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە کەعبەی شەریف و "مسجدالحرام" و "مسجدالنبی" هی گشت موسڵمانانەو نەک هی کەسانێک کە دەستیان بەسەر ئەو وڵاتە داگرتووە، فەرمووی: کەس بۆی نییە پێش بگرێ بە هاتنەدی چەمک و واتا ڕاستەقینەکانی حەج و ئەگەر حکومەت و یان دەوڵەتێک ئەو کارە بکات، لەڕاستیدا «صدّ عن سبیل الله»ی کردووە.

سەرپەیڤ