ته‌مووز 16, 2018 16:45 Asia/Tehran
  • قاسمی: ناوەرۆکی دانوستانەکانی وەلایەتی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا بڵاو نەبووەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: چەمک و ناوەرۆکی دانوستانەکانی ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا بڵاو نەبووەتەوە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسەکەی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی بەئاماژە بە دیداری "عەلی ئەکبەر وەلایەتی " ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لەگەڵ "ڤلادیمیر پوتین" سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە چوارشەممەی ڕابردووداو پەیوەندییەکەی لەگەڵ دیداری ئەمرۆی سەرۆک کۆمارانی ڕووسیاو ئەمریکا لە هێلسینی فەنلەند، وتی: ئەو چاوپێکەوتنە هیچ پەیوەندییەکی نییە بە پرسەکانی هاوپێوەند بە ئێران و تاران هیچ چەشنە پەیامێکی بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا نییە.

قاسمی وتی: چەمک وناوەرۆکی دانوستانی دوو کاژێریی وەلایەتی لە ڕووسیا بڵاو نەبووەتەوەو ئەوەی وا لەمیدیاکاندا هاتەئاراوە، ناوەرۆکی سەرەکیی دانوستانەکان نییە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە سەفەری وەلایەتی بۆ مۆسکۆ بەهاواهەنگیی وەزارەتی دەرەوە وەک نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆمار لەگەڵ پەیامی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ سەرۆک کۆماری ڕووسیا ئەنجامی گرت، وتی: لە دیداری ڕاوێژکاری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا پرس و بابەتی جۆراوجۆر لەئاستی پەیوەندیی دوو قۆڵی، ناوچەیی و جیهانیدا هاتەئاراوە.

قاسمی لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری بەشی دەرەوە سنووریی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن لەبارەی سەفەری ئەمڕۆی سەید عەبباس عێرقچی یاریدەری سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ هیندستان و ئەگەری دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی هەناردەکرانی نەوتی ئێران بۆ ئەو وڵاتە پاش سزا سەپاندنەکانی ئەمریکا، وتی: سەفەری عێراقچی بۆ هیند لەچوارچێوەی دیدار و دیمانە سیاسییە دەورەییەکانە کە لەگەڵ زۆرێ لە وڵاتان لەدرێژەی ساڵداو بەنۆبە بەڕێوە دەچێ و لەبارەی پرسی دوو قۆڵی، ناوچەیی ونێودەوڵەتی و بابەتی گرینگی دوو وڵات، وتووێژ دەکرێ.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران پێی داگرت: هیند لەهاوبەشە لەمێژینەکانەو دوو وڵات پەیوەندیی شیاو و بەرفراوانیان پێکەوە هەیە. قاسمی سەبارەت بە بڕیاری ئێران بۆ مانەوە یان چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پاش خرانەڕووی هەگبەی پێشنیارکراوی ئوروپا وتی: پاش چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لە ئوروپاو تەنانەت چین و ڕووسیا ئەو ڕوانگە لەئارادابوو کە ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە بپارێزرێ ، لەهەمان کاتیشدا میکانیزمگەلێک پێش بینی بکرێ هەتا ئێران بتوانێ لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی ڕێککەوتنەکە سوودوەربگرێ.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران پێی داگرت: ئوروپاو وڵاتانی ماوە لە ڕێککەوتنەکەدا دەرفەتی زۆریان لەبەردەمدا نییەو بێگومان ناکرێ ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگرەوی بڕیاردانی هاوبەشەکانی دیکەی ماوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەفیڕۆ بچێ.

سەرپەیڤ