ته‌مووز 20, 2018 11:56 Asia/Tehran
  • پارێزگاری کوردستان: بەرمان بە خاو فرۆشی بەرهەمە کانگاییەکانی کوردستان گرتووە

پارێزگاری کوردستان وتی: بە جێبەجێ بوونی ۳ پڕۆژەی گرنگی پیشەسازیی لە کەرتی کانگای کوردستان بەر بە خاو فرۆشی دوو ملیۆن و ٤۰۰ هەزار تۆن بەرهەمی کانگایی دەگیردرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، بەهمەن مورادنیا لە کۆبوونەوەی چالاکانی ئابووری و پیشەسازیی کامیاران وتی: ساڵانێکی زۆرە کە یەکێک لە کێشەکانی کوردستان خاو فرۆشیی بەرهەمە کانگاییەکانی بووە.

پارێزگاری کوردستان جەختی کرد: بە جێبەجێ بوونی ۳ پڕۆژەی گرنگی پیشەسازی لە کەرتی کانگای کوردستان بەر بە خاو فرۆشی دوو ملیۆن و ٤۰۰ هەزار تەن بەرهەمی کانگایی دەگیردرێت.

مورادنیا هەروەها وتی کە چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی دیکە لە تاران بووە و بەوردی باسی پشکی ئاوی کوردستان لە بەنداوەکانی کردووە.

ناوبراو جەختی کرد: لە ئێستادا توانیومانە پشکی کشت و کاڵی ئاویی کوردستان لە ۱٦ هەزار دۆنم بۆ ٥۲ هەزار دۆنم بەرز بکەینەوە، بەڵام داواکاری ئێمە لانی کەم ۱۰۰ هەزار دۆنم زەوی کشت و کاڵییە.

پارێزگاری کوردستان ئاماژەی دا: کێشەی هەلی کار و نەبوونی پیشەی پتەو لە هەموو شارەکانی کوردستان هەیە و هەموو هەوڵی ئێمەش چارەسەر کردنی ئەم کێشانەیە. لەم نێوانە بەشداریی خودی خەڵکیش زۆر گرنگە و دەبێت یارمەتی دەوڵەت بدەن.

ئەو لە کۆتایدا ئاماژەی بە زریاچەی ورمێ کرد و وتی: بۆ ژیانەوەی زریاچەی ورمێ ۱۰٥ ملیار مەتری چوار گۆشە پشکی ئاوی کوردستانە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە پشکی ئاوی کشت و کاڵی کوردستان کەم نەبووەتەوە.