ته‌مووز 20, 2018 12:12 Asia/Tehran
  • واعزی ئاشکرای کرد: ترەمپ ۸ جار داوای دیداری لە ڕۆحانی کردووە

بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: لە میانەی سەردانی ڕۆحانی بۆ کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ترەمپ ٨ جار داوای وتووێژ و دیداری لە حەسەن ڕۆحانی کردووە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر مەحموود واعزی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنفڕانسێکی مێدیاییدا وتی: لە دیداری ئەم دواییەی نێوان ئەنجومەنی وەزیران و ڕێبەری بابەتی زۆر گرنگ باس کراوە و ڕێبەری باڵا پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ کار و سیاسەتەکانی دەوڵەت ڕاگەیاندووە.

ئەو زیادی کرد: لەمڕۆدا دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام دۆخێکی زۆر جدی ڕووبەڕوومان بووەتەوە، گەماڕۆ دراوین و شەڕی مێدیایی و دەروونی لە دژمان بەڕێوە دەچێت. ٤۰ ساڵە ئەمریکا لە دژی ئێران پیلانگێڕی دەکات و تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە ترەمپ چون سیاسەتمەدار نییە قسە زۆر دەکات، خەڵکی ئێمه باش دەزانن چۆن ڕووبەڕووی گەماڕۆکان ببنەوە.

واعزی ئاماژەی دا: ڕاستە خەڵک داواکارییان هەیە و ئەمەش ئاسایە بەڵام کاتێک باسی پیلانگێڕی ئەمریکا هاتە پێش، هەموو خەڵکی ئێران هۆشیارن.

ئەم بەرپرسە ئێرانییە لە درێژەدا ئاماژەی بە ترەمپ کرد و وتی: لە میانەی سەردانی ڕۆحانی بۆ مەکۆی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ترامپ ٨ جار داوای گفتوگۆ و دیداری لە حەسەن ڕۆحانی کردووە.

ئەو زیادی کرد: ئێمە سیاسەتێکی ڕوونمان سەبارەت بە ئەمریکا هەیە. تایبەتمەندی ئەم دەوڵەت و خەڵکە ئەوەیە مل بۆ ستەمکاری شۆڕ ناکەن، ترەمپ دەبێت تێ بگات ئێران و خەڵکەکەی جیاوازن لە کۆریای باکوور.