ته‌مووز 22, 2018 08:33 Asia/Tehran
  • فەلاحەت پیشە: ئێران قەت پێملی زێدەخوازیی ئەمریکا نابێ

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی ئێران وتی: ئێران لەدەسپێکی شۆڕشی ئیسلامیەوە لەگەڵ چەشنی جۆراوجۆری هەڕەشەو گوڕەشە، زەخت وگوشار و پەیمان شکێنییەکانی ئەمریکا بەرەوڕوو بووە بەڵام قەت پێملی زێدەخوازی و زۆربێژیی ئەو وڵاتە نابێ.

"حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە" سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران دوێنێ شەممە لە دیدار لەگەڵ"تورستن فرای" ئەندامی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی پەرلەمانی ئوروپا لەتاران وتی: چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نموونەیەکی دیکەیە لە پێبەندنەبوونی ئەو وڵاتە بە بەڵێنیە نێودەوڵەتییەکان.

فەلاحەت پیشە بەئاماژە بە بەرپرسایەتی ئوروپا لەجێ بەجێ کردنی بەڵێنیەکانی بۆ وێنە، پاراستن و بەردەوام کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: مانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، گرێدراوی بەئاکام و ئەرێنی بوونی هەوڵی وڵاتانی ئوروپاییە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی ئێران هەروەها بەئاماژە بە پێشینەی پەیوەندییەکانی تاران و بەرلین وتی: ئێران وئاڵمان وەک دوو وڵاتی گرینگ و شوێندانەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئوروپا هەردەم پەیوەندیی باشیان بووە لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەرلەمانی کە دەبێ ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەپێ بدرێن.

"تورستن فرای" یش لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە کردەکانی ئەمریکا لەمەڕ پرسە نێودەوڵەتییەکان وتی: ئاڵمان کردەکانی ئەمریکا بەقازانجی ئاشتی و سەقام لە جیهان نازانێ.

فرای پێی داگرت: ئاڵمان خوازیاری درێژەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەو هاوڕێ لەگەڵ وڵاتانی ئوروپایی خەریکی تاووتوێ و جێ بەجێ کردنی میکانیزمگەلێکە بۆ پاراستن و بەردەوام کردنی.

ئەندامی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی پەرلەمانی ئاڵمان هەروەها جەختی کرد لەسەر پتەوکران وبەهێزکرانی زیاتری پەیوەندیی دۆستانەی نێوان تاران وبەرلین.

سەرپەیڤ