رۆحانی : بەڕێز ترامپ! قسەی زل مەکە ، وەڵامی ئێران پەژیوانکەرەوەیە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە، ئێران هۆگری دەسدرێژکاری کردن نییەو کردەی پێشگرانە ڕەچاو دەکا، پێی داگرت: ئێرانی ئیسلامی لەگەڵ کەسدا شەڕ ناکا بەڵام دوژمنان دەبێ باش ئاگادار بن کە شەڕ لەگەڵ ئێران دایکی هەموو شەڕان و ئاشتی لەگەڵ ئێرانیش دایکی هەموو ئاشتەواییەکانە.
حەسەن ڕۆحانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبوونەوەی سەرۆکانی نوێنەرایەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدەرەوەی وڵات، ڕوو لە ئەمریکییەکان و لەوەڵامی ئەوانەی وتوویانە، ناهێڵین نەوتی ئێران هەناردە بکرێ، پێی داگرت: سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئاگادار بێ کە ئێران دەستەبەری ئاسایشی ڕێگای ئاوی ناوچەی کردووە بە درێژایی مێژوو و هێژا ترامپ قسەی زل نەکا، چونکە وەڵامی ئێران پەژیوانکەرەوە دەبێ.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، ئاماژەی کردە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانی دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی و وتی: ئەمڕۆ دەستەی دەسەڵاتداری ئەمریکا بەئاشکرا ڕێزدانان و مەزنایەتی موسڵمانانی بەزاندووەو لەدژ پێگەی قودسی پیرۆز لەنێو دڵی موسڵمانان دەجەنگێ و بۆ دڵخۆشکردنی رژیمێکی داگیرکەر بە یەک ملیاردو ٥٠٠ملوێن موسڵمان شەڕ ڕادەگەیێنێ.
رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە رژیمی زایۆنیستی لەسەر بنەمای دەسدرێژکاری، داگیرکەری، خەیانەت، ئاوارەکردنی خەڵک و کوشتنی منداڵان و ژنان و پیرەپیاوان بەدەسەڵات گەیشتووە، وتی: قەت تا بەئەمڕۆ زایۆنییەکان و حکومەتی ئەمریکا بەئاشکرا ئێعترافیان نەکردبوو کە لەبنەڕەتڕا حکومەتێک بەناوی حکومەتی فەلەستین ناناسن و یان قودسی پیرۆز بەهی موسڵمانان نازانن.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەردەم لە وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی عەرەب و دراوسێکانی فەلەستین پێی دادەگرت کە رژیمی زایۆنی هۆگری ئیستدلال و وتووێژێکی مەنتقی نییەو بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و دانیشتن، سەرزەوینی فەلەستین لەو رژیمە ناسەندرێتەوەو ئاوارە فەلەستینیەکان ناگەڕێندرێنەوە زێد و نیشتمانیان، بەڵام ئەمرۆ هەمووان چاویان لەڕووی ئەو پرس وبابەتان دەنوقێنن.
رۆحانی ئاماژەی کردە شکست هێنانی بەردەوامی پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا لەدژ ئێران لە چل ساڵی ڕابردووداو وتی: دەسەڵات و کارتێکەریی ئێران لەناوچەو جیهاندا تایبەت بە چەند ساڵی ڕابردوو نییە بەڵکوو ئەمڕۆکە قووڵی ستراتژیکی ئێران لە ڕۆژهەڵات هەتا نیمچەکیشوەری هیند، لە ڕۆژاوا هەتا دەریای ناوەڕاست لەباشوور هەتا ئەقیانووسی هیند و دەریای سوورو لە باکووری ئاسیای ناوەندی و قەفقازە.
سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها وتی: ئێران شانازی دەکا بە هەوڵ و چالاکییەکانی لە سووریا، ئێراق ولوبنان و هەتا سەریش شانازی پێوە دەکاو قەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە دوژمن ئیزن وەرناگرێ.
حەسەن ڕۆحانی لە کۆتایی قسەکانیدا بەئاماژە بەوەی کە ئێران خوازیاری دامەزراندنی پەیوەندیی شیاو لەگەڵ وڵاتانی جیهانە، وتی: ئێران لەهەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیەو لەبارودۆخی نوێدا ، چاکسازیی پەیوەندییەکانی عەرەبستان، ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئێران پێوشوێن دەگرین.