ئاب 07, 2018 18:08 Asia/Tehran
  • قاسمی: هیچ متمانەیەک بەلایەنی ئەمریکی ناکرێ بۆ دانوستان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەئاماژە بە لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەبارەی ئامادەیی وتووێژ کردن لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: بەلەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ئەمریکییەکان لە هەڵایساندنی شەڕی دەروونی بەرفراوان لەدژ ئێران، هیچ متمانەو دڵنیاییەک نییە بەلایەنی ئەمریکی و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە .

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە لەدیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا) بەئاماژە بەوەی کە ئێران وڵاتێکی بەهێزەو لە وتووێژ ناترسێ، وتی: کەسێک کە سەرەڕۆیانەو یەکلایەنە لە تەباییەکی وەک "بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش" کشاوەتەوەو هیچ داکۆکییەکیشی لەلایەن هاوبەشە نەریتییەکانییەوە لێ نەکراوە، چلۆن دەتوانێ ئیدیعا بکا دانوستان دەکا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەم دواییەدا ئیدیعای کرد: ئامادەیە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران "بێ پێش مەرج" دانوستان بکات.

قاسمی بەئاماژە بەوەی کە هەڵوێست گرتنی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئێران، سەرلێشێواوی لەنێو سەرانی ژمارێک وڵاتی دوژمنکاری ناوچەو رژیمی زایۆنی دروست کردووە، وتی: ترەمپ دەیەوێ بەو مانۆڕە،بڕەپارەیەکی زۆرتر لەرژیمی داگیرکەری قودس و ژمارێک وڵاتی هاوڕەوتی خۆی بستێنێ.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها سەبارەت بەو یاسایەی ئەم دواییە لەئاڵمان پەسەند کرا، کە بەجۆرێک ڕەوتی گواستنەوەی پارەی ئێران بۆ ناوخۆی وڵات دژوار دەکا، وتی: لۆبیی زایۆنییەکان لەو ماوەیەدا لەدژ بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پەیوەندیی دێرینەی دوو وڵات لە ئاڵمان چالاک بووە، لەو ئاراستەیەدا زەخت وگوشاری خستەسەر بانکی ناوەندیی ئاڵمان و هەوڵی دا کێشەو گرفت دروست بکات.

ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران رەفتاری هەموو وڵاتان لەو بڕگە زەمەنییە دەخاتەبەرچاو و رەفتاری حکومەتەکان لەو قۆناخەدا، پێوەر و پێودانگێکی باشە بۆ هاوکارییە دوو قۆڵییەکانی داهاتوو.

سەرپەیڤ