ئاب 15, 2018 17:16 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: دوژمن ئاواتی بەچۆک دا ھێنانی ئێران دەباتە ژێر گڵ

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە دوژمن بە نیازە گوشار بخاتە سەر ئێران و ژیان لە خەڵک تاڵ کات، پێی داگرت: دوژمن ناتوانێ ئێران بەچۆک دا بێنێ و ئەم ئاواتە دەباتە ژێر گڵ.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی دەوڵەت وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە خەڵک و بەرپرسانی ئێران بە ھاوکاریی یەکتر ناھێڵن دوژمن بە ئامانجەکانی بگات، وتیشی: دوژمن ناتوانێ گەلی مەزن و خاوەن شکۆی ئێران بە تەوژمی ھەڵەو نایاسایی و بێ بەزەییانە بە چۆک دا بێنێ.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای جەخت کردن لە سەر ئەمەی کە ئێران لەگەڵ تەواوی جیھاندا خەریکی ھاریکاریی و دانوستانە، تیشکی خستە سەر پێشنیاری ئەمریکییەکان بۆ دانوستان لەگەڵ تاران و وتیشی: ئەمریکا بەو ھەنگاوانەی کە ھەڵیگرتوون، ھەل و مەرجی بۆ دانوستان لەبار بردووە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لەمەی کە لە ناوچەکەو بە تایبەت لە عێراق و سووریاو لوبنان و تەنانەت لە باکووری ئەفریقیاش، ئاسایشتێکی زیاتر لە چاو ساڵانی ڕابردوو بەدی دەکرێت، ھیواداریی دەربڕی: یەمەنیش بەم زووانە دامەزرانی سەقام و ئاسایشت بە خۆیەوە ببینێت و دەست درێژکاران لەوە پەندیان وەرگرتبێت کە شەڕو دەست درێژکاری ڕێگایەکی دروست نییە، بەڵکو ڕێگای دروست ساچان و دانوستان و ڕێککەوتنە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی تیشکی خستە سەر کۆنوانسیۆنی میکانیزمی مافەوانیی دەریای خەزەر کە لە دانیشتنی سەرکردەکانی پێنج وڵاتی قەراخی ئەم دەریایە لە کازاخستان واژۆ کرا، وتیشی: یەکێک لە دەستھاتە گرینگەکانی ئەم کۆنوانسیۆنە، سەقام و ئاسایشتی دەریای خەزەرە کە بووە ھۆی ئەوەی کە پیلانەکانی ئەمریکا و تەنانەت ڕێکخراوەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ) بۆ ئامادە بوون لەم دەریایە پوچەڵ بێتەوە.

سەرپەیڤ