ئاب 16, 2018 09:23 Asia/Tehran
  • زەریف: کۆنوانسیۆنی سیستەمی مافەوانیی دەریای خەزەر بەقازانجی ئێرانە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: کۆنوانسیۆنی سیستەمی مافەوانیی دەریای خەزەر نەک هەر یەکپارچەیی خاکی ئێران دەپارێزێ، بەڵکوو دەبێتە هۆی دامەزرانی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ دراوسێکان لەوبوارەداو درێژە پێدانی.

محەممەد جەواد زەریف دوێشەو(چوارشەممە) لە پرۆگرامی وتووێژی تایبەتی کەناڵی دووی تەلەفزیۆنی ئێران، وتی: بەپێچەوانەی بڕێک لێدوان، کۆنوانسیۆنی سیستەمی مافەوانیی دەریای خەزەر، زیاترین قازانجی بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان هەیەو لەمەسڵەحەتی ئێران دایە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەگەر سیاسەتی دەرەوەیی ئامانجێکی هەبێ، بێگومان ئەو ئامانجە، پاراستنی یەکپارچەیی خاک، ئاسایشی نیشتمانی و سەربەخۆیی سیاسی وهەوڵدان بۆ باشکردنی باری گوزەرانی خەڵکە.

زەریف بەئاماژە بەوەی کە بڕیارە لەسێ هەتا چوار مانگی داهاتوو، دانوستان لەبارەی هێڵی دەستپێکی دەریای خەزەر دەس پێ بکرێ، وتی: سەرانی وڵاتانی لێواری دەریای خەزەر لەدانیشتنی قەزاقستان لەبارەی هێڵی دەستپێکی ئەو دەریایە هیچ ڕێککەوتنێکیان نەکرد، تەنیا لەسەر ژێربەستێنی نێوان ڕووسیاو قەزاقستان ڕێککەوتن کراوە کە ئەوەش هاوپێوەندە بە بیست ساڵ لەمەوبەر.

زەریف بەئاماژە بەوەی کە هەوڵی ئێران ، وەرگرتنی پشکی سەتا بیست لە دەریای خەزەرە، وتی: بەگوێرەی کۆنوانسیۆنی سیستەمی مافەوانیی دەریای خەزەر، هیچ وڵاتێک ناتوانێ  بە ئاڵای ئەم پێنج وڵاتەی دەڤەری دەریای خەزەر نەبێت، لەو دەریایەدا ئامادەبێ.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها پێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا لەباری دەسەڵات دایە و زەخت و گوشارەکانی ئەمریکا، خودی ئەو وڵاتەی خستووەتە باری گۆشەنشینی و تەریک مانەوە.

زەریف بەئاماژە بەوەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کەوتووەتە باری لاوازیی، وتی: ئوروپاییەکان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبێ باج بدەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران بەئاماژە بەوەی کە ئەورپاییەکان لەهەمبەر ئەمریکادا بەکردەوە خۆڕاگر بن، وتی: ڕەوتی هەوڵدانی ئوروپاییەکان لەهەمبەر پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەرێنییە بەڵام بەس نییە.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کرد: ئوروپییەکان دەبێ داکۆکی بکەن لە کۆمپانیاکانیان لەهەمبەر گەمارۆ وئابلۆقەکانی ئەمریکا و بەدانی تێچووی پێویست، هەوڵی پراکتیکی بدەن.

زەریف لەبارەی پێشنیاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ دانوستانیش وتی: ئەمریکییەکان خەریکی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی دەروونین، ئەگەر لەهەوڵی دانوستاندا بوونایە،خۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ دانوستان خەریک بوو ئەنجامی دەگرت.

وەزیری دەرەوەی ئێران بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە زەخت وگوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا کاتییە، وتی: لەهەمبەر ئەو زەخت وگوشارانە، پێویستە هەمووان لەئێران پێکەوە یەکدەنگ و یەکگرتوو بن.

سەرپەیڤ