ئاب 19, 2018 16:33 Asia/Tehran
  • توێژەری ئەمریکایی: بەرپرسی گرووپی هەنگاوی ئێران، هەڵشکاوی دیپلۆماتیکە

مامۆستای پێوەندیی نێودەوڵەتیی لە زانکۆی "جۆن هاپکینز" لە ئەیالەتی مریلەندی ئەمریکا، بەرپرسی گرووپی هەنگاوی ئێرانی بە هەڵشکاوی دیپلۆماتیک زانی.

"دانیەل سیرۆر" مانۆستای زانکۆی "جۆن هاپکینز" ڕۆژی شەممە لە وتووێژ لەگەڵ ئیرنا؛ سەبارەت بە پێکهێنانی گرووپی "هەنگاوی ئێران" لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و دیاری کردنی "برایان هوک'' بە سەرۆکایەتیی ئەو گرووپە، وتی؛ زۆر سەیرە کەسێک بووە بە بەرپرسی ئەو گرووپە کە لە ڕابردوودا لە بواری دیپلۆماسی و قەناعەت پێ کردنی ئەورووپاییەکان بۆ سەر لە نوێ پێداچوونەوە بە سەر ڕێککەوتی ئەتۆمیی ئێران هیچ دەسکەوتێکی نەبووە.

سیرور وتیشی: گرووپی هەنگاوی ئێران بە مەبەستی زیاتر کردنی زەخت و گوشارەکان لە سەر ئەم وڵاتە لە ڕێگای هەواهەنگ کردن لەگەڵ بەشە جۆربەجۆرەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و لە دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپایی، ڕووسیا، چین و ئێراق و دەوڵەتانی دیکە پێکهاتووە.

ئەم مامۆستای زانکۆیە هەروەها ڕایگەیاند کە تەواو سەری سووڕ ماوە لەو قسە و وتە دژ بە یەکانەی "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆک کۆمار و "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە دانوستانی بە بێ پێشمەرج لەگەڵ ئێران.

ترەمپ لە ڕۆژانی رابردوودا بانگەشەی کردووە کە ئامادەیە بە بێ پێشمەرج لەگەل کاربەدەستانی ئێرانی دانوستان بکات.

بەم حاڵەشەوە پاش بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە ئەوەندەی پێ نەچوو کە مایک پۆمپێئۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسەکانی ترەمپی بنپێ کرد و بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران پێشمەرجی دیاری کرد.

هەوڵ بۆ خەڵەتاندنی بیر و ڕای گشتی لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە لەمەڕ ئەوەی پێی خۆشە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات لە کاتێکدایە کە ناوبراو پاش چەن مانگ هەڕەشە و گوڕەشە، لە سەر لە بەیانی سێشەممەوە (٧ی ئاگوست) بایکۆتە ئەتۆمییە هەڵپەسێردراوەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سەر لە نوێ بووژاندەوە.

قەدەغەی بازرگانی بە دۆلار، قەدەغەی بازرگانی بە زێڕ، قەدەغەی سەرمایەنانەوە لە پیشەسازیی ئۆتۆمبیل، قەدەغەی بازرگانیی پۆڵا و قەدەغەی فرۆشرانی فڕۆکەی موسافیرهەڵگر و پارچەکانی پێویستی، لەو بایکۆتانەن کە بە فەرمانی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەر لە نوێ بە سەر ئێران داسەپێندراونەتەوە.

ئەو کردەوانەی "دۆناڵد ترەمپ" بەرەو ڕووی نەیارەتیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەت هاوپەیمانانی ئەورووپایی ئەمریکا بوویەوە.

سەرپەیڤ