ئه‌یلوول 20, 2018 10:42 Asia/Tehran
  • نامەی ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان؛ هەڕەشەی ئەتۆمیی ڕژێمی زایۆنی دەبێ ئیدانە بکرێ

کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تا هەڕەشەی ئەتۆمیی ماوەیەک لەومەبەری سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدانە بکات.

نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەری گشتی و ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم ڕێکخراوەیە، نووسی: هەڕەشەی ئەمدواییەی "بنیامین نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە ئێران، هەڕەشەیەکی قورسە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

لەم نامەیەدا جەخت کراوە لە سەر ئەوەی کە هەبوونی چەکی ئەتۆمی لە لای ڕژێمێک کە خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە لە دەسدرێژی، داگیرکاری، سەربازیگەری، تیرۆریزمی دەوڵەتی و جەنایەتە نیودەوڵەتییەکانی دیکەیە، گەورەترین مەترسییە لە سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە لەهەمبەر هەنگاوە نایاساییەکان و هەڕەشە ئەتۆمنییەکانی ڕژێمی زایۆنی هەڵوێست و کاردانەوەیەکی بەهێز بگرێتە بەر و ئەو ڕژێمە ناچار بە پەیڕەوی کردنی یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەک گرتووەکان بکات.

نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەکەی خۆیدا بۆ بەڕێوەبەری گشتی و ئەنجومەنی ئاسایش، بە ئاماژە بەوەی کە ئێران خۆی قوربانی چەکی کۆکوژ و بەتایبەت چەکی شیمیاییە، رایگەیاند: ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەک هەر نابێ هەڕەشە ئەتۆمییەکانی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی بە کەم دایەخ دابنێن، بەڵکوو دەبێ هەنگاوی لێبڕاوانە و کاریگەر هەڵگرن بۆ دڵنیا بوون لەوەی کە ئەم ڕژێمە هەموو چەکە ئەتۆمییەکانی تیابەرێ.

بڕیارە نامەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو بەڵگەی ئەنجومەنی ئاسایش و کۆڕی گشتیی نەتەوە  یەکگرتووەکان بڵاو ببێتەوە.

سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لە کاتێکدا هەڕەشە لە ئێران دەکات کە سوپای ئەم ڕژێمە بەرامبەر بە بزووتنەوەی حیزبوڵلای لوبنان لە شەڕی ٣٣ ڕۆژەدا لە ساڵی ٢٠٠٦ شکستێکی سەرشۆڕانەی بە سەر داسەپا.

بەم حاڵەشەوە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام جەختیان کردووە بێتوو ڕژێمی زایۆنی یەک هەنگاوی بە هەڵە هەڵگرێ، هەموو ناوچە زایۆنی نشینەکان لەوان تێلاڤیڤ کاول دەکرێ.

سەرپەیڤ