ئه‌یلوول 21, 2018 10:48 Asia/Tehran
  • لاریجانی: پێکەوەژیانی پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاکان سەرچەشنێکە بۆ گەلانی دیکە

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلایی ئێران لەمیانەی برووسکەیەک بۆ کۆبوونەوەی سێ ڕۆژەی یەکێتیی ئاشووریەکانی جیهان لە بەیرووتی لوبنان جەختی کرد : یەکێک لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ئیسلامی پێکەوە ژیانی پەیڕەوانی هەموو ئایینەکان بە سۆزو خۆشەویستی و دۆستایەتی و لە ئاسایش و هێوریە کە ئەوەش سەرچەشنێکە بۆ گەلانی دیکە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "عەلی لاریجانی" ئێوارەی پێنجشەممە بە ئاماژە بەوەی کە ئاشوورییە مەسیحییەکان لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا وەکوو یەکێک لە ئایینە فەرمییەکان ناسراون وتیشی: ئاشوورییانی مەسیحی تا بووە جێی ڕیز و حورمەت بوون لای گەلی ئێرانەوە و لە تەنیشت پەیڕەوانی ئایینزاکانی دیکە ڕێ و ڕەسمە ئایینی و شەرعییەکانی خۆیان بەجێ هێناوە.

لاریجانی بە ئاماژە بەوەی کە ژمارێک لە ژینوسایدە ئایینییەکان لە لایەن دوژمنانی ڕێگای حەق و خوداپەرستی لە جیهان وەڕێ خراوە راشکاوانە رایگەیاند: دەبێ هەموان شان بە شانی یەکتری و بە یەکێتی و یەکدەنگی و ئیمان و بڕوا بە خودای تاکانە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بکەن تا هەمووان لە جیهانێکی بەدوور لە توند و تیژی و تژی لە جێبەجێ کرانی ئامۆژگارییەکانی پەیامبەران ، پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەیان هەبێ.

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلایی ئێران هەروەها هیوای خواست: دەسکەوتەکانی کۆبوونەوەی یەکێتیی ئاشوورییەکانی جیهان بتوانێ لەسەر بەهێزتر کردنی یەکدەنگی و یەکڕیزیی نیوان گەلان و ئایینەکان کاریگەر بێ.

لە دەسپێکی ڕێ و ڕەسمەکانی دەسپێبوونی کۆبوونەوەی ئاشوورییەکانی جیهان پەیامی "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش خوێندرایەوە.

ئاشوورییەکان لە زیاتر لە ٤٠ وڵاتی جیهاندا دەژین کە تەنیا لە ئێرا ن و ئێراقدا نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە؛ هەرچەن کە لە سووریا، تورکیا، سوید و ژمارێک وڵاتی دیکەش تا ئێسستا چەن نوینەرێکی ئاشووری چوونەتە پەرلەمانەوە بەڵام ئەوە لە ڕێگای چالاکیی حیزبی و کۆتلەییەوە بووە.