ئه‌یلوول 23, 2018 08:55 Asia/Tehran
  • سەردار شکارچی: پشتیوانیانی سەرەکیی تیرۆریزم، چاوەڕێی زیللەی قورسی ئێران بن

وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: پشتیوانانی ئەو تیرۆریستانەی کە ڕۆژی شەممە لە ئەهواز (باشووری ڕۆژاوای ئێران) خەڵکیان لە خاک و خوێن گەوزاند چاوەڕێی زیللەی زۆر قورسی ئێران بن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئیران؛ سەردار سەرتیپ پاسدار "ئەبولفەزل شکارچی" شەوی ڕابردوو لە وتووێژی تایبەتی هەواڵی کەناڵی دووی تەلەڤزیۆنی ئێران راشکاوانە رایگەیاند؛ پشتیوانانی تیرۆریستان و بوارخۆشکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە لە ناوخۆ بەم زوانە ناس دەکرێن و توندترین هەڵس و کەوتیان لەگەڵ دەکرێ.

وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە دوو کەس لەو تیرۆریستانەی کە خەڵکی ئەهوازیان لە خاک و خوێندا گەوزاند برا بوون وتیشی: برای سێهەمیان ئەندامی داعشە و ئێستاکە لە سووریادایە.

سەردار شکارچی وتیشی: هەر هەموو ئەو چوار تیرۆریستەی کە ڕۆژی شەممە لە ئەهواز پەلاماری تیرۆریستیان ئەنجام دا کوژراون.

وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ سەرچاوەی هەموو ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەگەڕێتەوە بۆ زایۆنییەکان، ئەمریکا و وڵاتانی بەکرێگیراو و دواکەوتووی ناوچەکە.

گرووپی تیرۆریستیی تەکفیریی "ئەلئەحوازییە" کە لە لایەن لەندەن و ڕیازەوە داکۆکی لێ دەکرێ و ساڵی رابردوویش پەلاماری کاروانی نووری دا ( کاروانی سەردانکەرانی ناوچە جەنگییەکانی سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق) ، دوێنێ شەممە لە پارکێکی نزیکی شوێنی بەڕێوەچوونی ڕژەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئەهواز تەقەی لە خەڵک کرد کە بە هۆی ئەو پەلامارەوە ، ٢٥ کەس شەهید بوون و ٦٠ کەس بریندار بوو.