ئه‌یلوول 23, 2018 09:52 Asia/Tehran
  • ڕاگەیەندرانی ماتەمینی گشتی لە پارێزگای خوزستانی ئێران

"غوڵامڕەزا شەریعتی" پارێزگار و ئایەتوولڵا سەید "محەممەد عەلی موسەوی" نوێنەری وەلی فەقیهـ لە پارێزگای خوزستان (باشووری ڕۆژاوای ئێران) شەوی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە ئیدانەکردنی پەلامارە تیرۆریستییەکەی ئەهواز، ڕۆژی دووشەممەیان (٢٤ی سێپتەمبەر) لەم پارێزگایەدا بە ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند.

پارێزگار ونوێنەری وەلی فەقیه‌ لە پارێزگای خوزستان لەم بەیاننامەیەدا هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە پەلامارە تیرۆریستییەکەی ئەهواز دیسان سیمای دزێوی دوژمنانی دڵڕەقی حکومەت و گەلی شەریفی ئێرانی ئاشکرا کرد، راشکاوانە رایانگەیاند؛ دوژمنای دڵ پڕ لەقینی شۆڕشی ئیسلامی و بەکرێگیراوانیان دەبێ بزانن بە کردەوەی تیرۆریستی و دژە جەماوەری ناتوانن لە نێوان خەڵکی ئێراندا دووبەرەکی بنێنەوە.

گرووپی تیرۆریستیی تەکفیریی "ئەلئەحوازییە" کە لە لایەن لەندەن و ڕیازەوە داکۆکی لێ دەکرێ و ساڵی رابردوویش پەلاماری کاروانی نووری دا ( کاروانی سەردانکەرانی ناوچە جەنگییەکانی سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق) ، دوێنێ شەممە لە پارکێکی نزیکی شوێنی بەڕێوەچوونی ڕژەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئەهواز تەقەی لە خەڵک کرد کە بە هۆی ئەو پەلامارەوە ، ٢٥ کەس شەهید بوون و ٦٠ کەس بریندار بوو.

تا ئێستا زۆرێک لە وڵاتان لەوان ڕوسیا، بەریتانیا، عومان، یەمەن، کۆماری ئازەربایجان، پاکستان، ئەفغانستان، سووریا، تورکیا و ئێراق پەلاماری تیرۆریستی ئەهوازیان ئیدانە کردووە  و هاوخەمییان دەربڕیوە لەگەڵ دەوڵەت و گەلی ئێران و بنەماڵەی شەهیدانی ئەم پەلامارە تیرۆریستییە.